پاوە؛ برینداربوونی هاووڵاتییەک لە ئەنجامی تەقەی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان

18:29 - 29 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەک بە ناوی "ئیدریس نووری" خەڵکی شاری جوانڕۆ، لە کاتی هەڵاتن لە شەقامی "ڕەساڵەتـ"ـی شاری پاوە، بە تەقەی مەئموورانی هێزە نیزامییەکان، بریندار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە کوردپای ڕاگەیاند: "مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، بەهۆی سکاڵای مارەیی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و هەوڵی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییەیان بۆ زیندانی پاوە دابوو".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا کە هەوڵی هەڵاتنی دابوو، لەلایەن یەکێک لە دەرەجەدارەکانی هێزە ئینتزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەی لێ کرابوو و لەو ڕووداوە نێوقەد و دەماری بریندار بووە".

بە وتەی ئەو سەچاوە ئاگادارە، ئەو هاووڵاتییە پاش برینداربوونی قورسی دەماری، لەلایەن مەئموورانی هێزە نیزامییەکان بە پێبەند و دەسبەستراوەیی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هەتا ئێستا پزیشکەکان لە دەرهێنانی ئەو گولـلەیە کە بووەتە هۆی برینداربوونی دەماری ئەو هاووڵاتییە، سەرکەوتوو نەبوون و ئەگەری هەیە تووشی پچڕاندنی دەمار بێت. ئیدریس نووری لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکاندایە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو مەئموورەی کە تەقەی لەو هاووڵاتییە کردووە، دەسبەسەر نەکراوە.