پاش ١٣٠ ڕۆژ دەسبەسەریی، ئیتلاعات ئیزنی چاوپێکەوتنی بە ڕامین حوسێن‌پەناهی دا

15:13 - 10 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی پاش ١٣٠ ڕۆژ لە دەسبەسەر کردن و ناڕوونی لە چارەنووسی ڕامین حوسێن‌پەناهی، لە سەر ئیزنی وەزارەتی ئیتلاعات لە شوێنێنکی نادیار چاویان بە کوڕەکەیان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەزەڵوەر، پاش بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی لە ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، ئیتلاعات ئیزنی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕامین حوسێن‌پەناهی پێ دان.

لەو چاوپێکەوتنەدا، دایک و خوشکێکی ڕامین و یەکێک لە چالاکانی مەدەنی شاری سنە بەشدار بوون.

دایکی ڕامین حوسێن‌پەناهی ڕایگەیاندبوو: \"کوڕەکەی تەندروستی تەواوی هەیە، بەڵام لە ژێر هەڕەشەی ئێعدام دایە\".

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر و پێش لە تەواو بوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە.

پاش دەسبەسەر کردنی ڕامین حوسێن‌پەناهی، هێزە ئەمنییەتییەکان چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهییان دەسبەسەر کردووە.

لەو پەیوەندییەدا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، زوبەیر حوسێن‌پەناهی و ئەحمەد حوسێن‌پەناهی بە ٦و٥ ساڵ زیندان و هەروەها ئەفشین حوسێن‌پەناهی بە ٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کردووە.

دادگای ئینقلابی شاری سنە، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەر کردنی ڕامین حوسێن‌پەناهی، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کردوون.