پاش ١١٤ ڕۆژ جەنازەی یەکێک لە سێ کۆڵبەری خەڵکی گوندی "باوان" لە خاکی تورکیە دۆزرایەوە

18:00 - 17 بانەمەڕ 2722

ئەمڕۆ شەممە ١٧ی بانەمەڕ، جەنازەی "بارزان مەهینی" کوڕی شەوکەت، یەکێک لەو سێ کۆڵبەرەی گوندی "باوانـ"ـی ناوچەی "مەرگەوەڕ"ی ورمێ، پاش ١١٤ ڕۆژ لە خاکی تورکیە لە گوندی "گەلێشمـ"ـی ئەو وڵاتە دۆزرایەوە.

ئەو سێ کۆڵبەرە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، لە بەرزاییەکانی نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیه لەنێو بەفر و کڕیوە وون ببوون.

جەنازەی بارزان مەهینی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ "شەمزینان" ڕاگوێزراوە.

هەوڵی هاووڵاتییان بۆ دۆزینەوەی جەنازەی "بەهلوول سەیدانی فەرد و ئەسعەد سەیدانی" دوو کۆڵبەری دیکە درێژەی هەیە.

بارینی بەفر و بارودۆخی نالەباری کەشی زستانیی ساڵی ڕابردوو، گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی جەنازەی ئەو سێ کۆڵبەرەی قورستر کردبوو.

بەهلوول سەیدانی فەرد و ئەسعەد سەیدانی خاوەنی ژن و منداڵن.