پاش چوار ڕۆژ هێشتا تەرمی کۆڵبەرێکی بانەیی نەدۆزراوەتەوە

10:26 - 8 رەشەمه 2721

پاش چوار ڕۆژ لە هەوڵەکانی بنەماڵە و دانیشتووانی گوندی "نێروانـ"ـی شاری بانە بۆ دۆزینەوەی تەرمی "دانا ساڵح‌پوور" خەڵکی ئەو گوندە، هێشتا تەرمەکە نەدۆزراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "لەڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمە کە ئاو دانای بردبوو هەتا ئێستا تەرمی ناوبراو نەدۆزراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو کۆڵبەرە بەردەوامە".

سەرچاوەی نزیک لە بنەماڵەی ساڵح‌پوورداوای لە هاووڵاتییانی شاری بانە و بە تایبەت دانیشتووانی گوندکانی ئەو شارە کرد کە یارمەتیدەریان بن لە دۆزینەوەی تەرمی دانا ساڵح‌پوور.

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەشەمە، "دانا ساڵح‌پوور" کۆڵبەری تەمەن ١٨ ساڵ لە کاتی گەڕانەوە لە سنووری بانە کەوتووبووە ناو ڕووباری "تاژەبان" و هەتا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.