پاش هەڕەشەی قەراگای حەمزەی سپای پاسداران، ئەندامێکی خۆجێی سپا لە شاری شنۆ کوژرا

16:06 - 31 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران لە شاری شنۆ پاش شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی دووشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران لە شاری شنۆ لە شەڕێکدا لەگەڵ \"پێشمەرگەکانی شار\" سەر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرەکیی حیزبی دێموکرات، ئەو ئەندامە خۆجێیەی سپای پاسداران لە جاددەی نێوان گوندەکانی \"باڵاگیر\" و \"دەربەند\" سەر بە شاری شنۆ دەکەوێتە بۆسەی \"پێشمەرگەکانی شار\" و لەو شەڕدا کوژراوە.

شوناسی ئەو ئەندامە خۆجێیەی سپای پاسداران\"فەتاح مامەڵ\" خەڵکی گوندی\"باڵاگیر\"ی شاری شنۆ ڕاگەیەندراوە.

ئەو ئۆپراسیۆنەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران له حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران بووە.

قەراگای حەمزەی سپای پاسداران بەهەڕەشە کردن لە حیزبە کوردییەکان لە کوردستان ڕایگەیاندبوو:\" هوشدار بە حیزبە کوردییەکان دەدەین لە ئەگەری هەر جۆرە جموجۆلێک و دەستدرێژیەکی ئەوان بنکەکانی خۆیان ڕاویان دەنێنن و بە توندی سزایان دەدەین\".