پاش مانگرتنەکەی خەڵکی کوردستان سپای پاسداران لە حاڵەتی ئامادەباشە

20:17 - 5 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران دوابەدوای مانگرتنە گشتییەکەی خەڵکی کوردستان، هێزەکانی خۆی لە شارەکانی کوردستان زیاد کردووە و حاڵەتی ئامادەباشی لە شارەکانی کوردستان ڕاگەیاندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش مانگرتنە گشتییەکەی هاووڵاتییانی خەڵکی کوردستان، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، بە نیسبەت مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات و ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد، سپای پاسداران بە زیادکردنی هێزەکانی، فەزای کوردستانی زیاتر میلیتاریزە کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سپای پاسداران، پاش مانگرتنە گشتییەکەی خەڵکی کوردستان، سپای پاسداران هیزە و چەکوچۆڵی قورسی لە شارەکانی دیکەی ئێران ڕەوانەی کوردستان کردووە.

ئەو کەسە هەروەها دەڵێت: سپای پاسداران لە ڕاستای زیاتر میلیتاریزەکردنی فەزای کوردستان لە هەوڵدایە کە هێزێکی زۆر لە سنوورەکان جێگیر بکات، چونکە چالاکیی بەرچاوی حیزبە کوردییەکان، سپای پاسدارانی نیگەران کردووە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، وتی: سپای پاسداران لە کوردستان حاڵەتی شەڕی ڕاگەیاندووە و هێزەکانی لە حاڵەتی ئامادەباشن.

سەرچاوەی ئەم هەواڵە لە درێژەدا دەڵێت: چالاکیی بەرچاوی حیزبە کوردییەکان لە قووڵایی خاکی کوردستانی ئێران نیگەرانی فەرماندەکانی سپای پاسدارانی دووقات کردووە و سپای پاسداران بە ئامانجی بەربەرەکانێی لەگەڵ چالاکیی حیزبە کوردییەکان، هێزێکی زۆری لە کوردستان جێگیر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: سپای پاسداران هەروەها لە مانگرتنی خەڵک لە شارەکانی کوردستان ترسی لێ نیشتووە و بەو هۆیەوە بە ئەمنییەتیکردنی فەزای کوردستان دەیەوێ پێش بە ناڕەزایەتیی خەڵک لە کوردستان بگرێت.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاند: کە بەرپرسی بەڕێوەبەریی ئەو گەڵاڵەیەی سپای پاسداران لە ئەستۆی \"شۆرای نیزامی_دیفاعی سپای پاسداران لە ڕۆژئاوای ئێران\" بە هاوکاریی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعات لە کوردستاندایە.

ئەو کەسە لە کۆتاییدا دەڵێت: سپای پاسداران بەپێی بڕیاری شۆرای نیزامی _دیفاعی سپای پاسداران لە ڕۆژئاوای ئێران، قۆناغێكی نوێی لە چاندنی مین لە سنوورەکانی کوردستان دەست پێ کردووە و کەرەستە تەقەمەنییەکان لە سنوورەکان دروست کردووە، کە چەند ڕۆژ پێش بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراوە نوێیەکان سێ کۆڵبەری کورد لە شاری مریوان قوربانی بوون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان بەپێی بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات مانیان گرت، کە مانگرتنەکەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دژکردەوەی توندی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەرەوڕوو بووەوە.