پاش شۆڕش لە زیندانی سەقز، فەزای ئەمنییەتی بەسەر ئەو شارە زاڵ بووە

11:13 - 9 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە زیندانییانی زیندانی سەقز، پاش دەسپێکردنی شۆڕش لەو زیندانەدا توانیان دەرگای زیندانەکە بشکێنن و هەڵبێن، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی سەقز ڕایگەیاندووە زیاتر لە ٨٠ کەس لەو زیندانە هەڵاتوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی شۆڕش لە زیندانی سەقز، فەزای ئەو شارە بە تووندی میلیتاریزە کراوە و هێزە ئینتزامی و گاردی تایبەت بۆ دەسبەسەرکردنی زیندانییانی هەڵاتوو لە ناو شاردا بڵاوەیان پێکراوە.

ئەو سەرچاوەیەش ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئینتزامییەکان لە ئاستی شاری سەقز ڕێگاکانی هاتوچۆی سەقزـ بانە  و سەقزـ مەریوان، خاڵی پشکنینیان داناوە .

ئەو سەرچاوەیە هەروەها  دەڵێت: "زۆربەی زیندانییانی هەڵاتوو، لە زیندانییانی غەیری سیاسی بوونه.

سەرچاوەی ئاژانسی کوردپا باسی لەوەش کرد، شۆڕش لە زیندانی سەوز بەهۆی پێنەدانی مەرەخەسی بە زیندانییەکان و بڵابوونەوەی نەخۆشی کۆرونا، ڕووی داوە.

ناوی ژمارەیەک لە زیندانییانی هەڵاتوو، لەلای ئاژانسی کوردپا پارێزراوە و ئاژانسی کوردپا بە هۆکاری ئەمنییەتیی لە بڵاوکردنەوەی شوناسی ئەو زیندانییانە، خو دەبوێرێ.