پاش سەردەشت بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر گەیشتە \"مەهاباد\"‌یش+وێنە

14:26 - 16 رێبەندان 2714
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەک هاووڵاتیانی شاری مەهاباد باس لەوە دەکەن لە حاڵی حازردا چەندین بنكە ( ئاشپەزخانە)‌ی دروستكردنی مادەی هۆشبەری \"شیشە\" لە دەورووبەری ئەو شارە دروست كراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا و بە پشت بەستن بە چەندین سەرچاوەی باوەڕپێكراو، ماوەیەكە لە دەورووبەری شاری مەهاباد ژمارەیەك كەسی هەلپەرەست چەندین بنكەی و كارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەرەیان كردۆتەوە و سەرقاڵی دروستكردنی مادەی شیشەن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە،\" رۆژانە لەو كارگەیانەدا مادەی شیشە بەرهەم دێت و دواتریش رەوانەی بازارەكان دەكرێت و تەنانەت لە چەندین رێگەی تایبەتەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان و توركیەش كراوە\".

ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە كردۆتەوە، لەو كارگەیانەدا رۆژانە بە سەدان هەزار حەبی جۆراوجۆر دەهاڕدرێ‌و پاش ورد كردنی لەگەڵ چەندین مادەی شیمیایی دیكە تێكەڵی دەكەن و مادەی شیشەی لێ‌دروست دەكەن.

یەكێك لەو حەبانەی كە لەوێنەكەشدا هاتووە ناوی \" پیموزاید\"( balmedrine forte)‌ـە و دوای بەكارهێنان و دەرهێنانی حەبەكان، قاوغەكانی لەدەرەوەی شار فرێ‌دەدرێ‌.

ئەو جۆرە لە حەبە تەنیا بۆ ئەو كەسانە بكار دێت كە نەخۆشی دەروونیان هەبێ‌و زیاتر لایەنی هێوركەرەوەی هەیە.

كەسێكی ئاگاداری دیكە لەو كارە وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو هەواڵە وتوویەتی: \" یەكێك لەو كارگەیانە لە نزیك ئاوایی \" یاراڵ\"‌ی شاری مەهاباد دروستكراوە و ئاشغاڵ و پاشماوەی كارەكانیشیان هەر لەوێ‌فڕێ‌دەدەن\".

ئەو سەرچاوە باوەڕپێكراوانە وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆیان لەو كارە هاوكاتیش سەرسووڕمانی خۆیان لەوە دەربڕیوە كە ناوەندە ئەمنیەتی ـ ئینتزامییەكانی ئێران هەتا ئێستا چەندین جار ئەو شوێنانەیان داخستووە و كرێكارەكانیان دەستبەسەر كردووە و دوای ماوەیەكی كورت ئازاد كراون و دەستیان بە بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر كردۆتەوە.

سەرچاوەكان ئاشكراشیان كردووە، ئەو كەسانەی کە لەو كارگەیانەدا كار دەكەن زۆربەیان كورد و خەڵكی خۆجەین.

\"24578.jpg\"
پێشتریش ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە شاری سەردەشت و ناوچەكانی \"رەبەت و نەڵاس\"ی سەربەو شارە، لە ٣٠٠ بنكەدا ماددەی شیشە بەرهەم دێنن
پێشتریش ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا راپۆرتێكی لەسەر بوونی ٣٠٠ كارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لە ناوچەی سەردەشتدا بڵاو كردبوویەوە.

هەر ئەو كات سەرچاوەكان باسیان لەوە كردبوو، ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی سوپای پاسداران لە شاری سەردەشت و ناوچەكانی \"رەبەت و نەڵاس\"ی سەربەو شارە، لە ٣٠٠ بنكەدا ماددەی شیشە بەرهەم دێنن.

سەرجەمی ئەو كەسانە كە لەو بنكانەدا كاری بەرهەم هێنان دەكەن، چەكی سوپای پاسدارانیان پێیە و هاووڵاتییان بە هێچ شێوەیەك ناتوانن رێگرییان لێ بكەن و تەنانەت سكاڵاشیان لەسەر تۆمار بكەن.

بەپێی ئاماری ناوەندی خەبات بەدژی مادە سڕكەرەكان، لە ئێراندا زیاتر لە ٤٠ هەزار كەس بە شێوەی بەردەوام مادەی شیشە بەكار دەهێنن. لە كۆی گشتیی ئەو بەكار هێنەرانە ٩٠%یان تەمەنیان لە خوار ٢٩ ساڵ دایە.

ئێران لە دونیادا پلەی یەكەمی لەبواری بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بە تایبەت تریاكدا هەیە و بەپێی ئاماری ناوەندی پزشك قانوونی ئێران، بە شێوەی نێونجی لەهەر رۆژدا ١٢موعتاد گیانیان لەدەست دەدەن و ساڵانەش نزیك بە چوار هەزار تووشبوو بە مادەسڕكەرەكان لە ئێران دەمرن.
\"24575.jpg\"

\"24576.jpg\"