پاش سێ شەو و ڕۆژ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی شاهۆ کونتڕۆڵ کرا

16:13 - 19 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئاگرکەتنەوەی دارستانەکانی شاخی شاهۆ پاش سێ شەو و ڕۆژ لەلایەن چالاکانی ژینگەپارێزی و خەڵکی ئەو ناوچەیەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهۆی بەربەرەکانێی خەڵکی ناوچەکە و ناوەندەکانی ژینگەپارێزی لەبەرانبەر ئاگرگرتنی دارستان و لەوڕگەکانی شاخی شاهۆ، هێزە خەڵکییەکان توانیان ئەو ئاگرکەوتنەوە کۆنتڕۆڵ بکەن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مانۆڕی هێزەکانی سپای پاسداران کاری کۆنتڕۆڵ و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرکەتنەوە لە شاخی شاهۆی بۆ هێزە خەڵکییەکان و چالاکانی ژینگەپارێزی دژوار کردبوو.

چالاکانی ژینگەپارێزی دەڵێن: پاش تۆپباران کردنی شاخی شاهۆ لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بەشێکی زۆر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی شاخی شاهۆ لە ئاگردا سووتان.

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی گەلاوێژ، سپای پاسداران لەوەڕگەکانی شاخی شاهۆی کردە ئامانجی تۆپباران و بەشێکی زۆر لە پووش و پاوەنی شاخی شاهۆ لە ئاگردا سووتان.

سپای پاسداران لە گوندەکانی\"کاشتەر\" و \"تەنگیوەر\" سەر بە شاری کامیاران دەستی کردووە بە تۆپباران کردن و ئاگرتێبەردانی لەوەڕگە و دارستانەکانی شاخی شاهۆ.

هاووڵاتییانی کورد چەندین جار ڕایانگەیاندووە: زۆربەی ئاگرگرتنی لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەلایەن کەسانێکی سەر بە ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکان ڕوو دەدات و ناوەندە پەیوەندیدارە حکوومەتییەکان لەو بارەیەوە بۆ کوژراندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە هیچ هەوڵێک نادەن.

کوێستانی شاهۆ لە ٥٠ کیلۆمێتری سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەڵکەتووە.