پاش ٢٧ ساڵ، لیژنەیەکی پزیشکی سەردانی بریندارانی چەکی کیمیایی سەردەشتی کرد

15:08 - 16 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕینی ٢٧ ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری سەردەشتدا، تیمێکی ٤٢ کەسیی پزیشکی، بەمەبەستی پشکنین و لێکۆڵینەوەی پزیشکیی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، سەردانی برینداران و بەرکەوتوانی ئەو شارەیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٥ی خەرمانان، لیژنەیەکی ٤٢ کەسیی پزیشکی کە لە پزیشکانی چاو، گوێچکە، ریخۆڵە، هەناو، پێست و پزیشکی ژنان پێکهاتبوو، بۆ پشکنین و چارەسەریی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروبەری، گەیشتنە شاری سەردەشت.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پزیشکانە، کە لەسەر داوای بەردەوامی بریندارانی چەکی کیمیایی و رەسووڵ خزری نوێنەری مەجلیس لە شاری سەردەشت و پیرانشار سەردانی شاری سەردەشتیان کردووە، بڕیارە چاویان بە ٥٠٠ بریندار و بەرکووتو، هەروەها ٢٠٠ کەمئەندامی چەکی کیمیایی لەو شارە بکەوێت.

دیاری کردنی ئەو رێژەیە لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت بە مەبەستی پشکنین لە کاتێکدایە، کە زیاتر لە ٨ هەزار کەس بریندار و کەمئەندامی چەکی کیمیایی لەو شارەدا هەن، کە ناوەندە حکوومەتییەکان تەنیا ناوی ١٥٠ کەسیان وەکوو کەمئەندام و بەرکەوتووی ئەو چەکە کۆمەڵکوژە تۆمار کردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو لێژنە پزیشکییە، تەنیا راپۆرتێک لە چۆنیەتیی دۆخی جەستەیی و تەندروستیی بەرکەوتوان و کەمئەندامانی شاری سەردەشت ئەداتەوە بە وەزارەتی بێهداشت، بڕیارە لە داهاتوودا دەواو دەرمانیان بۆ دابین بکرێت.

هەروەها لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا ئەنجومەنی داکۆکی لە مافی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، داواکاریی هاوشێوەی لە لێپرسراوانی حکوومەتی هەبووە، بەڵام هیچ وڵامێکی پێ نەدرابوویەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەنجومەنی پشتیوانی لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، بارودۆخی ئابووریی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە شاری سەردەشت و بەتایبەت لە گوندەکانی وەک (رەش هەرمێ و دەوروبەری) یەکجار خراپە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بچووکترین ئاوڕیان لێ نەرداوەتەوە.

رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومان کراو لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی پاش کیمیابارانەکەدا ١٤٠ کەس بەهۆی ئەو چەکەوە گیانیان لەدەست دا.