پاش دوو مانگ چارەنووسی دەستبەسەرکراوانی مەهاباد نادیارە

14:16 - 17 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی دەستبەسەرکراونی شاری مەهاباد و یەک لەوان \"ئومید دەباخچی موکری\" پاش تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیاندا نادیارە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش مەرگی فەریناز خوسرەوانی و ناڕەزایەتی دەربڕینی هاوڵاتیانی شاری مەهاباد بەو مەرگە گوماناوییە، ژمارەیەک خۆپیشاندەردەستبەسەر کران و لەناو خۆپیشاندەرەکاندا برینداریش هەبوو کە دواتر یەکێک لەبریندارەکان گیانی لەدەست دا.

ئومید دەباخچی موکری کارناس و ئەندازیاری کامپیۆتێر و خەڵکی مەهاباد شوناسی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانە کە هەتا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی چارەنووسی روون نیە.

\"28120.jpg\"
ئومید دەباخچی موکری یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانە کە هەتا ئێستا پاش تێپەڕینی دوو مانگ چارەنووسی روون نیە
مانگی بانەمەڕ و لەکاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد هێزە ئەمنیەتییەکان چووبوونە ماڵی ئومید دەباخچی و پاش دەستبەسەرکردنی، دەستیان بەسەر کەلوپەلی شەخسی ئەو هاووڵاتییەشدا گرتبوو.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی دەباخچی بە ئاژانسی کوردپای راگەیەند، هەتا ئێستا بە بەردەوامی بنەماڵەی ئومید سەردانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری \"مەهاباد و ورمێ\"یان کردووە، بەڵام هیچ ولامێکیان دەست نەکەوتووەتەوە.

پێشتریش بنەماڵەی ئومید دەباخچی و دۆستەکانی باسیان لەوە کردبوو کە ئەو خوێندکارە کوردە هیچ رۆڵێکی لە خۆپیشاندانەکاندا نەبووە و بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانیشدا نەکردووە.

بەپێی دوایین هەواڵ و راپۆرتەکان، لە ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد، زیاتر لە ١٥٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر کران کە دواتر بۆ ئازاد کردنی چەند کەسێکیان داوای بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنیان لێکرابوو.

رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ، هاووڵاتیانی مەهابادی بەنیشانەی ناڕەزایەتی بە مەرگی گوماناوایی فەریناز خوسرەوانی لە بەرانبەر هۆتێل تارا کۆبوونەوە و کۆبوونەوەکە توندوتیژی هێزە حکوومەتییەکانی لێ کەوتەوە.

لە هێرشی هێزە حکوومەتییەکاندا خوێندکارێکی کورد بەناوی ئاکام تەلاج بریندار کرا و رێکەوتی ٨ی پووشپەڕ پاش ٥٣ رۆژ بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ گیانی لەدەست دا.

هەواڵی پێوەندیدار:
-پاش ٥٣ رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، ئاکام تەلاج گیانی بەخت کرد
-ئاکام تەلاج هێشتا زیندووە/ هەواڵی مردنی بریندارێکی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد راست نییە
-کوردپا: دەیان کەس لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی کوردستان بریندار و دەسبەسەر کراون