پاش دوو حەتوو شوناسی دوو هاووڵاتیی ئێعدام کراو ئاشکرا بوو

15:39 - 18 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان، پاش دوو حەوتوو بە سەر ئێعدام کردنی دوو هاووڵاتیی کورد، ناوی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان ئاشکرا کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو حەوتوو پێش ئێستا و هاوکات لەگەڵ ئێعدام کردنی وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری شائاباد سەر بە پارێزگای کرماشان دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو شارە ئێعدام کراون.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە ئێعدام کراوە بە ناوەکانی\" محەممەد خوسرەی\" و \"ئومید تەیمووری ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو هاوولاتییە بە تۆمەتی\" کوشتنی بە ئەنقەست\" و \" دزیکردن بە چەک\" واتە (سرقت مسلحانە) دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرا بوون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە،لە مانگی ڕەمەزاندا ژمارەیەک لە زیندانیان بە شێوەی بەکۆمەڵ لە سێدراە دراون، بەڵام تەنیا ناوی دوو کەس لە ئێعدام کراوەکان ئاشکرا بووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە: ئومید تەیمووری خەڵکی گوندی\"چیا کەبوود\" بووە.
ڕاگەیەنە فەرمی و خۆجێیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ڕووماڵی هەواڵی ئێعدام کردنی هاووڵاتییان لە ئێران خۆیان دەبوێرن.

ئێران پاش چین، دووهەمین وڵات بە ئەژمار دێت لە ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی.