پاش خۆپیشاندانی خەڵكی شاری بۆكان، ئیدارەی ئیتلاعات باوكی "سومەیە"ی دەستبەسەر كرد

16:58 - 2 بانەمەڕ 2712
كوردپا: پاش خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی شاری بۆكان دژ بە دیاردەی رفاندن و دەستدرێژی بۆ سەر قوتابیانی قوتابخانەكانی ئەو شارە، باوكی سومیەیە (شەهێن) فەیزوڵڵاپوور لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، باوكی ئەو كچە كوژراوە بە تاوانی ئەوەی ‌كەلە خۆپیشاندانی هێمنانەی رۆژی هەینیی شاری بۆكاندا وێنەی \"سومەیە\"‌ی كچی هەڵگرتبوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە قوڵبەست و رەوانەی گرتنگە كراوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەك لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نیە.

لە چەند رۆژی رابردوودا لە شاری بۆكان چەند كەسی ماتۆرسوار دەستیان داوەتە رفاندنی قوتابیانی ناوەندیی و دوا ناوەندیی و سەرەڕای دەستدرێژی كردن بۆ سەرییان گیانیشیان لێ‌ ئەستاندوون و زۆربەی شەوەكانیش بە زەبری چەقۆ هەڕەشە لە هاووڵاتییان كراوە.


بەشێک لە گرتەی ویدیۆیی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری بۆکان، مۆنتاژی ئاژانسی هەواڵدەرەیی کوردپا


نموونەی بەرچاو لەم بارەوە رفاندن و كوشتنی كچێكی تەمەن 17 ساڵان بوو بەناوی سومەیە(شەهێن) فەیزوڵڵاپوور، كە پاش چەند رۆژ بە تەرمەكەی كوژراوی دۆزرایەوە.

رۆژی هەینی لەسەر بانگهێشتی ژنان و چالاكانی مەدەنی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەو دیاردەیە لە شاری بۆكان خۆیشاندانێكی هێمنانە بەڕێوە چوو كە 3 هەتا 4 هەزار كەس تێیدا بەشدار بوون و زۆربەیان ژنان و كچان بوون.