پاش تەقە کردنی کەسانێکی نەناسراو، شاری شنۆ میلیتاریزە کرا

22:11 - 10 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی کەسانێکی نەناسراو لە شاری شنۆ، کوژرا و بریندارێکی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە١٠ی گەلاوێژ، کەسانێکی نەناسراو لە گەڕەکی \"سەیدئاوێ\"ـی شاری شنۆ تەقەیان لە موسافیرانی ماشینێکی جۆری پراید کرد کە لە ئاکامدا کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکە بە سەختی بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری شنۆ شوناسی کوژراوەکەی بە\"سدیق پۆتک\" خەڵکی شاری پیرانشار ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕاگەیاند: ئەو کەسە لە فرۆشتن و بڵاوکردنەوەی ماددەی سڕکەری سنعەتی دەستێکی باڵای هەبووە.

پاش ئەو ڕووداوە، هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان کەشی شاری شنۆیان ئەمنییەتی کرد.

دەوترێ، لیباس شەخسییەکانی ئیتلاعات لە شاری شنۆ بە ماتۆڕ سیکلێت لە شاری شنۆ دا لە حاڵی گەڕانن.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی کەسانێکی نەناسراو لە گەڕەکی \"تاچیناوێ\"ـی شنۆ، دەستڕێژی گولـلە دەکەنە سەر کەسێک بە ناوی \"محەممەد ناسرزاده \" تەمەن ٤٥ ساڵ، کە کەسێکی خۆش خزمەت بە ڕێژیم و هەروەها مەواد فرۆش بووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هێندێک لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی بەربڵاو و ئاشکرا هەوڵی بڵاوکردنەوەی ماددەی سڕکەر لە نێو لاوانی کوردستان دا دەدەن و لاوان قوربانیانی سەرەکیی دیاردەی ماددەی سڕکەرکانن.