پاسگای گوندی دزڵی هەڕەشەی تەقە کردنی لە هاووڵاتییانی ئەو گوندە کرد

12:50 - 6 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پاسگای گوندی دزڵی، کاتژمێر ٧ی سەرلە ئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممە هەتا درەنگانی شەو بە نێو ئەو گوندەدا گەڕاون و هەڕەشەیان لە هاووڵاتییان کردووە.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە پاسگای گوندی دزڵی لە کاتژمێر ١٠ی شەو بەو لاوە هەموو جۆرە هاتوچۆیەکیان لە هاووڵاتییان قەدەغە کردووە و رایانگەیاندووە، کە لە ئەگەری هاتوچۆ کردن، بەرەوڕووی تەقە کردن دەبنەوە و بەرپرسیارەتیی ئەو کارە دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان.

سەرچاوەیەکی خۆجێی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هێزانە وێڕای پشکنینی ماڵی هاووڵاتییان، دەستیان بەسەر ٤ دەزگا ماتۆڕسیکلێت و چەندین دەزگا و دیشی ماهوارەی خەڵکی ئەو گوندەدا گرتووە.