پاساژ و ناوندە بازرگانییەکانی کرماشان پێویستان بە نۆژەن کردنەوەیە

15:37 - 19 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: پاساژ و شوێنە بازرگانییەکانی شاری کرماشان بە هۆی کۆنی و نەبوونی دڵنیایی ستانداردەوە، هاوشێوەی پلاسکۆی شاری تارانە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی کرماشان، نزیکەی ٥٠ هەتا ٦٠ پاساژ و ناوندی بازرگانیی شاری کرماشان بە هۆی کۆنبوون و ناستانداربوونیانەوە، هاوشێوەی بینای \"پلاسکۆ\"ن.

بەپێی لێدوانەکانی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ژووری کاسبکارانی کرماشان، زۆربەی هەرە زۆری کۆگا بازرگانییەکانی شاری کرماشان تەنانەت کەپسولێکی ئاگرکوژێنەوەیان نیە.

حوسێن بەیات لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی کرماشان ڕایگەیاند: دالانەکانی ئەو پاساژ و ناوەندە بازرگانییانە، زۆر باریک و ناستانداردن و لە ئەگەری هەر چەشنە ڕووداوێکدا، دەستپێڕاگەیشتنیان بە کەرەستە و ئیمکاناتی یارمەتی گەیاندن نابێت.

ئەو بەرپرسە حکومەتییە لەو باوەڕەدایە کە؛ زۆربەی پاساژەکانی شاری کرماشان تەنانەت نیگابانیان نیە و مێژووی دروست کردنی پاساژەکان لە شاری کرماشان بۆ ٣٠ هەتا ٤٠ ساڵ دەگەڕێتەوە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو؛ زۆربەی دووکانەکانی ئەو پاساژانە لە لایەن دووکاندارەکانەوە بە کرێ گیراوە و دووکاندارەکان توانای دانی پارەی کرێ دوکانەکانیان نیە.

حوسێن بەیات هەروەها گوتی: بەرپرسایەتی نۆژەن کردنەوەی ئەو پاساژانە لە ئەستۆی خاوەن دوکانەکانە و پێویستە بەرپرسان خاوەن دوکانەکان لە ڕووداوی هاوچەشنی پلاسکۆی تاران ئاگادار بکەنەوە.

زۆربەی پاساژەکانی شاری کرماشان شوێنی کتێب فرۆشییەکان، جلوبەرگو بەگشتی ئەو کەرەستانەن کە زۆر زوو ئاگر دەگرن. هێندێک لەو دووکانانە بۆخیان بەرهەمهێنەرن و ئەگەر ڕووداوێکی هاوچەشنی پلاسکۆیان لێ ڕووبدات کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.