پازدە چالاکی کرێکاری کوردستان لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامی دان

14:43 - 8 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەرەی رۆژی جیهانی کرێکاردا، لەئێران گوشارەکان بۆسەر چالاکانی کرێکاری کورد روو لەزیاد بوون دەکات.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەچەند رۆژی رابردودا چالاکانی کرێکاری لەشارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان وەکو سنە، مەهاباد و سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

چالاکانی کرێکاری بە بڵاو کردنی نامەی ناوەندە ئەمنیەکان کە گۆشاریان خستوەتە سەر چینی کرێکار، داوایان لەکۆمەڵگای نێونەتەوەیی و چالاکانی مافی مرۆڤ کردووو کە ببنە دەنگی ئەوان.

یەکێک لەچالاکانی کرێکاری لەوتووێژێکدا لەگەڵ کوردپادا، روونی دەکاتەوە کە کەکرێکاران بە ئامادەیی تەواوەوە یادی مەراسمی تایبەت بە رۆژی کرێکار لە هەینی داهاتوودا دەکەنەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم رێوڕەسمە جیاواز لە رێوڕەسمی ساڵانەی رۆژی کرێکار، کە لەلایەن ناوەندی حکوومەتی \" ماڵی کرێکار\" دەگیرێت، بەڕێوە دەچێت.

عوسمان ئیسماعیلی دەڵێت کە گوشارەکان بۆسەر چالاکانی کرێکاری لەرۆژەکانی هەشتی مارس، ئەوەڵی مانگی مەی و بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە زۆر دەبێت، بەڵام لەحەوتووی رابردوودا رەوشی دەست بەسەرکردنەکان رووی لە زیاد بوون کردووە.

هەوەها ئاماژەی بەوەکرد کە لانیکەم ١٥ چالاکی کرێکاری کوردستان لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێراندان کەزۆربەیان لەچەند حەوتووی رابردودا دەست بەسەر کراون و دوای توندوتێژی مەئموورانی حکوومەتی بۆ زیندان گوازراونەتەوە.

وتەبێژی زیندانیانی سیاسی لەمەهاباد شۆناسی بەندکراوانی چالاکانی کرێکاری بەم چەشنەی خوارەوە راگەیاند: کوروش بەخشەندە، نیزام سادقی، رەزا ئەمجەدی، ئارام زەندی، رێبوار عەبدۆڵایی، فەرزاد مورادی نیا،حامد مەحمودی نژاد، بیهنام ئیبراییم زادە، یوسف ئاب خەرابات، فواد زەندی، مەنیژە سادقی، رەسول بوداقی، موحەمەد جەراحی و فەردی میرکی.

بەوتەی ئیسماعیلی، چەند چالاکی کرێکاری لە کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراون کە دواتر یان بەشێوەی کاتی یان لەلایەن داگاوە ئازادکراوەن کە دەتوانین ئاماژە بە مێهرداد وەزیری لەشاری سنە بکەین.

پێشتر مەحموود ساڵحی، چالاکی ناسراوی کرێکاری لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی بە هەواڵنێری کوردپای، رێژەی گشتی چالاکانی کرێکاری لەزیندانەکانی ئێرانی بە سەد و بیست کەس راگەیاندبوو.

ساڵی رابردوو ٢٦٥ رووداوی کار لە ئۆستانی کوردستان رووی داوەکە ١٠ روداو بوەتە هۆی گیان لەدەست دانی کرێکاران.

ئەم ئامارانە لە لایەن رێکخراوەکانی کرێکاری نزیک بەدەوڵەتی ئێران کۆ کراونەتەوە و ئەو کارگایانە کە کەمتر لە ١٠ کەس کرێکایان بێت لەخۆ ناگرێت و ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کە گومان لەراست بوونی ئاماری گیان لەدەست دانی کرێکاران لە ناوچە دوورەکانی وەکو کوردستان بکرێت.

هەروەها هەوڵدەریی ئیلنا لە راپۆرتێکێدا بڵاوی کردوەتەوە کە ٣٥٠ کرێکاری وەرزی معدن طلای تکاب لە ئوستانی ئازەربایجابی غەربی سەرەڕای بەڵێنی خاوەن کارەکە هەنووکە بۆسەر کارەکەیان نەگەراونەتەوە.

مانگی بەفرانباری ساڵی رابردوو، خۆپیشاندانێک لەلایەن کرێکارانی دەرکراو لەپێش نیگابانی مەعدەنەکەوە سازکرا کە بووە هۆی تێکەڵ چونی کرێکاران و نیگابانەکان و لەئاکام دا یەکێک لە کرێکارەکا ن کە گوشارێکی رۆحی کەوتبوە سەری بە نارەزایەتی لە دەرکرانی لەسەرکارەکەی دەستی دایە خۆکوژی و گیانی لەدەست دا. لەوکاتەدا دادگای شاری تیکاب لەسەر شکایەتی خاوەن کارەکە بەتاوانی ئاژاوەگێری ٢٦ کەس لە کرێکارانی نارازی دەستبەسەر کرد.