پارە وەرگرتنی قوتابخانەکان لە بنەماڵەی قوتابیان بەردەوامە

13:30 - 2 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی بارهێنان و پەروەردەی شاری سەقز لە فۆرمێکدا، داوای لە بنەماڵەکان کردووە کە بۆ هاوکاری و دابین کردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە، هەر قوتابییەک دەبێ بڕی ١٠٠ هەزار تمەن وەکوو یارمەتی بۆ قوتابخانە بهێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابخانەی \"حکمەت\"ی شاری سەقز داوای لە قوتابیانی ئەو قوتابخانەیە کردووە کە بۆ هەرچی باشتربوونی بارودۆخی خوێندن دەبێ بڕی ١٠٠ هەزار تمەن وەکوو یارمەتی بۆ قوتابخانە بێنن.

لەو فۆرمەدا هاتووە، پارەکە دەبێ بەشێوەی نەختی یان قیستی بە دوو قێست ڕادەستی قوتابخانە بکرێت.

ئەو نامەیە لە لایەن جێگری بەڕێوەبری گشتی بارهێنان و پەروەردەی شاری سەقز واژۆ کراوە و تەحویلی قوتابخانەی حکمەت دراوە.

هەروەها بەڕێوەبەری قوتابخانەی \"امیرالمۆمنین\"ی سەقز لە نامەیەکدا بۆ بنەماڵەی قوتابییەکانی ئەم قوتابخانە داوای 50 هەزار تمەنی بۆ قوتابخانەکەی کردووە؛ ئەمەش وەک پێشمەرجیک لەمەڕ دانەوەی کارنامەی خوێندن بە قوتابییەکان.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، سێ قوتابی قوتابخانەی \"سێ‌کانی\" شاری شنۆ بە هۆی نەدانی پارەی گازوئیل لە لایەن مامۆستایی قوتابخانەکەوە دەرکران.

ئەو سێ قوتابییە بە هۆی دەستکورتی و نەدانی پارەی سووتەمەنی لە قوتابخانە دەرکراون.

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە، کە بەپێی ئەسڵی ٣٠ لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەت ئەرکدارە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندن بۆ هەموو خەڵکی ئێران بەبێ جیاوازی دابین بکات و دەبێ پڕۆسەی خوێندن بە بێ وەرگرتنی پارە بێت.

لینکی پەیوەندیدار:
دەرکردنی سێ قوتابی بە هۆی نەدانی پارە بە قوتابخانە