پارە وەرگرتنی زۆرەملێ لە قوتابییان ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانی لێکەوتووەتەوە

10:49 - 10 سەرماوەز 2720

بەهۆی وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە بنەماڵەی قوتابییان و دابیننەکردنی کەرەستەی پێداویستی بۆ قوتابییەکان، ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانی گوندی "بانەوڕێـ"ـی پاوەی لێکەوتووەتەوە.

"بانەوڕێ پرێس" لە زاری بنەماڵەی قوتابییان بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای وەرزی کرانەوەی قوتابخانەکان، قوتابخانەی ئەو گوندە، لە بنەماڵەی هەر قوتابییەک بڕی ٤٠ هەزار تمەنیان بۆ دابینکردنی کەرەستەی پێنووس و تێنووس وەرگرتووە، کە کەرەستەکانیان بۆ دابین بکەن.

ئەو کاناڵە هەروەها نووسیویەتی: "سەرەڕای وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە، هەتا ئێستا ئەو کەرەستانە دابین و ڕادەستی قوتابییان نەکراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی قوتابییان بۆ ڕوونبوونەوەی پارەکەیان، هیچ کام لە بەرپرسانی پەرەوەردە و بارهێنان و تەنانەت مامۆستاکان، وڵامدەر نین و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بنەماڵەکانی قوتابییان.

بەپێی ماددەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، هەتا کاتی تەواوکردنی قۆناغی دواناوەندی و هەتا چوونە زانکۆش، حکوومەت لە دابینکردنی تەواوی تێچووی قوتابخانە و قوتابییەکان بەرپرسیارە.