پارێزەرێکی کورد پاش بانگهێشت بۆ ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرا

13:40 - 13 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش بانگهێشتی پارێزەرێکی کوردی خەڵکی شاری سنە، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، فەرهاد محەممەدی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش بانگهێشت بۆ ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ڕابردوودا ئەو پارێزەرە کوردە چەندین جار بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و لەبارەی چالاکییەکانی لێپێچینەوە لێکرابوو.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوە ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم پارێزەرە کوردە لە بەر دەستدا نییه.

لەم پێوەندییەشدا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران بە ناوەکانی \" هادی کەمانگەر\"، \"فازڵ قەیتاسی\" و \"ڕەزا ئەسەدی\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە له چالاکانی ژینگەپارێزی شاری کامیارانن.