پارێزەرێکی پلە یەک بە چوار ساڵ زیندان مەحکووم کرا

17:47 - 12 پووشپەڕ 2720

"فەرهاد محەممەدی"، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە چوار ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، ناوەڕاستی جۆزەردانی ئەمساڵ، ئەو پارێزەرە کوردەی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" مەحکووم کرد.

"فەرهاد محەممەدی" بەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دۆسیەکەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی سنە کراوە.

ئەو پاریزەرە پلە یەکەی دادگوستەری، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، پاش بانگهێشت بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەسبەسەر کرا.

ناوبراو ٤ی جۆزەردانی ساڵی ٩٨، پاش تەوابوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا و ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ پاش ٦ مانگ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوی کاتی ئازاد کرابوو.