پارێزەرێکی دیاریکراوی زیندانییەکی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام دەسبەسەر کرا

12:00 - 12 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، "عەلی ساکنی"، پارێزەری دیاریکراوی "هوشمەند عەلیپوور"، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سنە، لە سەقز لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا.

"هەژار عەلیپوور"، برای "هوشمەند عەلیپوور" لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپادا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە لە ڕاگەیەندراوێکیدا ڕوونکردنەوەی زیاتر لەوبارەیەوە بڵاو دەکاتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لقی سێی لێپرسی سەقز لە حالی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دۆسیەی ئەو پارێزەرەیە و ناوبراو بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام و درکاندنی نەهێنی لەسەر دۆسیەی "هوشمەند عەلیپوور" تۆمەتبار کراوە.

دادگای ئینقلابی شاری سنە، "هوشمەند عەلیپوور"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی بە لەسێدارەدان و "محەممەد ئوستا قادر" خەڵکی شاری سەقزی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بەفرانباری ٩٨، ئەو حوکمە بە بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕاگەیەندرابوو.

"محەمەمد ئوستا قادر"، ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی هەمان ساڵ، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە تۆمەتی "بغی" بە بەشداریی "عەلی ساکنی"، پارێزەری دۆسیەکەیان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، دادگایی کران

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ١٠٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ قەرەنتینەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران و ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دواتر ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزران.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئیڕان دانپێدانانی زۆرەملێی ئەو دوو زیندانییە کوردەیان بڵاو کردەوە، دواتر بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە ڕایانگەیاند کە ئەو دانپێدانانە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە.