پارێزەرێک و ١٨ ناوەندی مافی مرۆڤ: ئێران دەبێ سزای سێدارەی ٣٣ زیندانیی سوننی مەزهەبی کورد و بەلووچ رابگرێت

16:37 - 23 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: چەندین ناوەندی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا، داوایان لەبەرپرسانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کردووە کە سزای سێدارەی زیندانیای کورد و بەلووچی سوننی مەزهەب رابگرێت.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، کە زۆربەی ئەو زیندانیانە لە نێوان ساڵەکانی ٨٨ هەتا ٩٠ لە کوردستان و لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بەرلەوەی موحاکیمە بکرێن، بەبێ ئەوەی هیچ پارێزەرێکیان هەبێت و یان لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە پەیوەندیدا بووبێتن، بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا راگیراون و لەو ماوەیەدا ئەشکەنجە کراون و بێ رێزییان بەرانبەر کراوە.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران _ ژنێڤ، رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و رێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ ١٥ رێکخراوی مافی مرۆڤی دیکە و پارێزەرێکی ناسراو ئەو بەیاننامەیان بڵاو کردۆتەوە، کە رۆژی رابردوو ٢٢ی جۆزەردان، واژۆیان کردووە.

زیندانیانی کورد و بەلووچی پەیرەوی سوننی مەزهەب، لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی وڵات\"، \"پروپاگەندە دژی نیزام\" ، \"ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان\" و \"موحارەبەیان \" خراوەتە پاڵ.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە بەو رێکخراوانە گەیشتووە؛ پێدەچێت تاوانباران بەشداری لە چالاکی چەکدارییان رەت کردبێتەوە و پێداگرن لەسەر ئەوەی کە تەنیا لە کۆبوونەوە مەزهەبی‌یەکاندا بەشداری و تەبلیغی ئایینییان کردووە و بەو تۆمەتەوە دەستبەسەر کراون.

بنیاتی عەبدورەحمان برومەند ناوی ئەو ٣٣ کەسەی سەید شاهۆ ئیبراهیمی، حامید ئەحمەدی، شەهرام ئەحمەدی، عالەم برماشتی، ئومید پەیوەند، سەید عەبدولهادی حوسەینی، جەهانگیر دێهقانی، جەمشید دێهقانی، محەممەد یاوەر رەحیمی، موختار رەحیمی، عەبدولرەحمان سەنگانی، فەرزاد شاه نەزەری، بێهروز شاه نەزەری، کاوە شەریفی، ئارەش شەریفی، ئەمجەد ساڵحی، محەممەد غەریبی، وریا قادری فەرد، محەممەد کەیوان کەریمی، سدیق محەممەدی، پوریا معەمەمدی، تالییب مەلەکی، کەماڵ مەلایی، سەید جەماڵ موسەوی، کەیوان موئمنی فەرد، تەیمور نادری زادە، فەرشید ناسری، بەرزان نەسروڵلا زادە، ئەحمەد نەسیری، ئیدریس نێعمەتی، فەرزاد هونەر جو و کاوە وەیسی راگەیاندووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی رابردوو ٧٢٦ زیندانی لەلایەن رێکخراوی زیندانەکانی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.