پارێزەری پەرهام پەروەری: تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی پەرهام پەروەری لە شو‌ێنی خۆیەتی

11:54 - 5 بەفرانبار 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بەفرانبار، پاش تێپەڕینی ٤٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز، ئیزنی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بەو هاووڵاتییە درا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مازیار تاتایی، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری پاش خوێندنەوەی دۆسییەی پەرهام پەروەری بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تۆمەتی "موحاربە"، لە دۆسییەی پەرهام لە شوێنی خۆیەتی.

پاش بڵابوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕهەڵوەشاندنەوەی تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی سەقز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتیی زیندانی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری" دوای حەفتەیەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.

ئەندازیار "پەروەری" ئێستا لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە شاری تاران دەسبەسەرە.