پارێزەری عوسمان مستەفاپوور سکاڵایەکی دژی بەشی ئیجرایی ئەحکامی دادگای ئینقلابی ورمێ تۆمار کرد

13:52 - 15 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەری دۆسیەی عوسمان مستەفاپوور، دێرینەترین زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، بە نیسبەت ڕەتکردنەوەی کۆتاییهاتنی ماوەی مەحکوومییەت و بەرگری لە ئازادی بریگرەکەی سکاڵایەکی لە دادستانیی وڵاتدا تۆمار کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسییەی عوسمان مستەفاپوور، پاش دژایەتی کردنی لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ لەگەڵ ئازادیی ئەم زیندانییە سیاسییە، پارێزەری دۆسییەکە، عوسمان موزەیەن، ڕۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر لە زیندانی ورمێدا لەگەڵ ناوبراو چاوپێکەوتنی هەبووە و بەدواداچوون بۆ ڕەوتی دادوەرییەکەی بۆ کۆتایی ماوەی مەحکوومییەتەکەی لە دادستانی وڵاتدا دەکات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتوویەتی: خواستی کەمکردنەوەی سزا، عەفوو و بەخشین و ئازادی مەرجداری ئەم زیندانییە سیاسییە چەندین جار لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ ڕەت کراوەتەوە.

به وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، عوسمان موزەیەن، پارێزەری ئەم دۆسییەیە لە بەشی چاودێری و بازڕەسیی دادستانی وڵاتدا به نیسبەت شرۆڤەی حوکمی بریگرتەکەی لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە سکاڵای تۆمار کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی ڕگەیاند: بەشی چاودێری و بازڕەسیی دادستانی وڵات بۆ بەدواداچوون نامەیەکی بۆ دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ناردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕووو که تا ئێستا دادگای ئینقلابی ورمێ هیچ ولامێکی بە داخوازی دادڕەسییەکەی ئەم پارێزەرە نەداوەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، حوسێن ئەحمەدی نیاز، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری و پارێزەری دیکەی عوسمان مستەفاپوور، لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵدەریی کوردپادا سەبارەت بە ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکە ڕایگەیاند: \"عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ورمێدا به پێی بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە مافی زیندانی بێبەرییە بووە\".

ماوەیەک پێس ئێستا، لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ داخوازی ئازادی مەرجداری عوسمان مستەفاپووری پاش ٢٧ ساڵ زیندانی بوون ڕەت کردەوە.

ئەم چالاکە سیاسییە کوردە لە پووشپەڕی ساڵی ٧٠ لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ دەسبەسەر کراوە و دواتر به تۆمەتی ئەندامییەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا مەحکووم بە ئێعدام کرا که دواتر لە دیوانی باڵای وڵاتدا بوو بە دوو حەبسی ٢٥ و ١٠ ساڵ . دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ١٠ ساڵ زیندانەکەی عوسمان مستەفاپووری بە هۆی دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی سپادا دەرکردبوو که بە بڕوای پارێزەرانی دەبێ تەنیا یەک سزا کە ئەویش کە سزای زۆرینەیە بەڕێوە بچێت و نابێ ئەم زیندانییە زۆرتر لە ٢٥ ساڵ زیندان تێپەڕ بکات.

عوسمان لە حاڵێکدا ٢٨ـەمین ساڵی زیندانییەکەی تێپەڕ دەکات کە لە مافی مەرەخەسی بێبەری بووە و دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەتییەکان تەنانەت ئیزنی بەشداری کردن لە پرسەی نزیکەکانیشیان پێ نەداوە.

عوسمان مستەفاپوور، ساڵی ١٣٩٠ لە رەنج نامەیەکدا، لە بازڕەسی تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکرتووەکان، دیدەبانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای جیهانی و نەتەوەیی مافی مرۆڤ و هەموو مرۆڤە ئازاد و ئازادیخوازەکان و وێژدانە بەخەبەرەکان لە ئێران و و جیهاندا داوای کردبوو که به لێكۆڵینەوە سەبارەت بە ڕيوتی دادگایی کردن و لە کیش چوونی ٢٠ ساڵ لە تەمەن و لاویەتی ئەو لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئیزن نەدەن که تەمەنی لاوانی دیکەی ئەم ولاتە، بەو شێوەیە و به بێ هۆکار و لە ڕووی ئیدعاوە بەفیڕۆ بچێت.