پارێزەری بەرکەوتووانی شیمیابارانی \"زەردە\" نامەیەکی سەرئاوەڵای بۆ سەرکۆماری ئێران نارد

21:14 - 1 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: پارێزەری بەرکەوتووانی شیمیابارانی شەڕی ئێران و عێراق نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕوو لە سەرکۆماری ئێران، لە هەمبەر گوندی زەردەی ناوچەی داڵاهۆی کرماشان بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەک شەممە ١ی گەڵاوێژ، پارێزەری بەرکەوتووانی شیمیابارانی گوندی \"زەردە\" لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا بۆ حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران، باسی لە کەم و کوڕییەکانی خزمەتگوزاریی بەرکەوتووانی ئەو چەکە ماڵوێڕانکەرەی کرد.

لە بەشێکی ئەو نامە سەر ئاوەڵایەدا هاتووە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بە سەر شیمیابارانی گوندی زەردەی ناوچەی داڵاهۆ، هەنوکە کۆمەڵێک لە کێشە و گرفتی بەرکەوتووانی چەکی شیمیایی چارەسەر نەکراون.

لەبەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە، زۆرێک لە بەرکەوتووانی شیمیابارانی گوندی زەردەی داڵاهۆ، تەنانەت لە سەدا چەند دەرسەدیان وەکوو کەم ئەندام دیاری نەکراون و ژمارەیەکی زۆر لە مێرمنداڵان و تەنانەت ئەو منداڵانەی پاش کیمیابارانی ئەو ناوچەیە لە دایکبوون، لەگەڵ چەندین جۆر نەخۆشی، کە بەرهەمی ئەو شیمیابارانە بووە و نەخۆشینەکەیان نەناسراوە بەرەوڕوون و ئازار دەچێژن و تەنانەت وەکوو کەم ئەندام هەژمار نەکراون.

هەروەها لە بەشێکی ئەو نامە سەرئاوەڵایە بە ئاماژە کردن بە گیان لە دستدانی هاووڵاتییان بە هۆی ئەو چەکە شمیاییەدا هاتووە: ژمارەیەک لە بەرکەوتووانی شیمیابارانی گوندی زەردە بە هۆی ئێش و ئازاری کیمیایی لەم ساڵانەی دواییدا گیانیان لە دەست داوە.

لە بەشێکی دیکە ئەو نامە سەرئاوەڵایەدا هاتووە، بورۆکراسی ئیداری و ڕێسای کاری دامەزراوەی بونیادی شەهید و کاروباری کەم ئەندامان بووەتە هۆی پێشێلکردنی مافی بەرکەوتووانی چەکی شیمیایی و کە ئەو دەرد و ئازارە، لە ئازاری شیمیایی بۆ ئەوان قورسترە.

نەبوونی ئیمکانات و کەم کوڕی ئیمکاناتی دەوا و دەرمانی تایبەتی بەرکەوتووانی شیمیایی لەو ناوچەیە، گران بوونی دەوا و دەرمانی تایبەت، هەڵاوسان و بێکاری، هەڵاواردن و نابەرابەری، گوێ پێنەدان بە داواکاری ڕەوا و یاسایی بەرکەوتووانی شیمیایی، بووتە هۆی زۆر بوونی ئێش و ئازاری ئەوان، دەبێتە هۆی زۆڵمی زیاتر لە خەڵکی یارسانی ئەهلی حەق، کە خەڵکانێكی حەقخواز و ئاشتیخوازن.