پارێزەرانی کورد داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی کوشتنی کۆڵبەرانی کوردیان کرد

16:17 - 18 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە پارێزەرانی کورد لە بەیاننامەیەکدا، کوژرانی کۆڵبەرانی کوردیان لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نزیکەی ١٠٠ پارێززەری کورد لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر کوژرانی کۆڵبەران و مەحکووم کردنی بکوژرانی ئەو توێژەی کۆمەڵگا، پێداگریان لە سەر سزای بکوژانی کۆڵبەرانی کوردیان کرد.

لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، گوللەی هێزە نیزامییەکان کە دەبێ پارێزەری گیان، ماڵ و ئەمنییەتی خەڵکی بن و نابێ چەکەکانیان بێجگە لە دابین کردنی ئەمنییەت بە کار بهێنن و بەبێ لە بەرچاوگرتنی یاساکان گوللەکانیان ڕاستەوخۆ سینگی کۆڵبەران دەپێکێت.

یەکەم جار نییە کە کۆڵبەرێک، بەبێ لە بەرچاوگرتنی ڕێوشوێنی نیزامی و ڕێساکان کە لە یاسای بەکار بردنی چەک لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە هاتووە، بووەتە ئامانجی سنوورپارێزەکان و کوژران.

هەتا کاتێک هەوڵ و ئیرادەیەکی گشتی بۆ ڕاگرتنی کوشتنی کۆڵبەران لە ئارادا نەبێت، ئەو کارە دووبارە دەبێتەوە و ماوە ماوە کۆڵبەرێکی بێ‌تاوان لە حاڵێکدا هەوڵی بەدەستهێنانی پاروویەک نان دەدات کە خوانی ماڵەکەی خاڵی نەبێت، لە خوێندا دەگەوزێ و دەکوژرێت.

ئێمە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە وەکوو پارێزەرانی دادگوستەری سوێند دەخۆین، پارێزگاری لە یاسا و دادپەروەری بکەین، وێڕای پێداگری لە سەر بێ‌تاوانی کۆڵبەران، هەر جۆرە توندوتیژیەک لە گەڵ ئەو کەسانە لە هەر قەوارەیەک، بە پێشێلکردنی یاسا دەزانین و ڕا دەگەیەنین کە پێشێلکردنی یاسا لە لایەن کەس یان ئۆرگانێک بە هەر پاڵنەرێک بێت، مەحکوومە.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەی لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دانراوە.