پارێزەرانی دۆسیەی کچانی شیناوێ دەنگۆیەک سەبارەت بە خۆیان رەت ئەکەنەوە+وتوێژ

19:54 - 14 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک لە میدیاکان، پارێزەرانی دۆسیەی کچانی شیناوێ‌یان بە کەمتەرخەمی لەمەر بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو کچانە تۆمەتبار کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا میدیا حکوومەتییەکان بڵاویان کردەوە کە بنەماڵەی کچانی شیناوێ پاریزەرەکانیان جواب کردەوەو بۆخۆیان بەدواداچوون بۆ کەیسی کچەکانیان بکەن، پارێزەرانی دۆسیەکە رایدەگەیەنن کە لە ٣ مانگ پێش ئیستاوە کۆتایی بە ماوەی پارێزەرییەکەیان بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسی کچانی شیناوێ هاتووە.

باوکی سیما شادکام یەکێک لە قوتابیانی شیناوێ بە \"خەبەر ئانلاین\"ی راگەیاندووە: \"ئێمە لە شێوەی کاری پارێزەرەکانمان گلەییمان هەیەو بەو هۆیەوە ئێمە بۆ خۆمان بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کچەکانمان دەکەین\".

شاکۆ شادکام، حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری کوردی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە بە شێوەی کە لێی چاوەڕوان دەکرا، لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە نەبووەو لەگەڵ ئەوەشدا دڵ ئێشەی بنەماڵەی کچەکانی لێکەوتۆتەوە\".

موراد مەعرووفی باوکی یەکێک لە کچە قوتابیانی شیناوێ، کە حوسێن ئەحمەدی نیاز و عوسمان موزەیەن پارێزەریی دۆسیەی کچەکەی ناوبراویان لە ئەستۆ بوو، لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: \"کاری پەروەندەکان سووک بووەو لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە پارێزەر نەبوو، بۆیە بڕیارمان داوە بۆ خۆمان بەدواداچوون بۆ مەسەلەکە بکەین\".

\"25163.jpg\"
حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: شاکۆ شادکام هاوڕێ لەگەڵ ٦ کەسی دیکە لە بنەماڵەی کچانی شیناوێ ساڵی ٩٢ لەگەڵ ئەویەکە بە نیوەی دیەکەی رازی بوون و وەریشیان گرتووەو لە بواری یاساییەوە رەزایەتیان داوە
هاوکات حوسێن ئەحمەدی‌نیاز پارێزەری کەیسی کچانی شیناوێ لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: ئێمە وەکوو پارێزەرانی کەیسی ٨ کەس لە کچانی شیناوێ، دیەی ئەو ٨ کەسەمان لە یەک ملیاردەوە بۆ ٤ ملیارد تمەن زیاد کرد و وەریشیان گرت\".

بە گوتەی پارێزەری دۆسیەی کچانی شیناوی: شاکۆ شادکام هاوڕێ لەگەڵ ٦ کەسی دیکە لە بنەماڵەی کچانی شیناوێ ساڵی ٩٢ لەگەڵ ئەویەکە بە نیوەی دیەکەی رازی بوون و وەریشیان گرتووەو لە بواری یاساییەوە رەزایەتیان داوە\".

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، پێشتر رەسووڵ خزری نوێنەری مەجلیس لە پیرانشار بە بنەماڵەی کچانی شێناویی راگەیاندبوو، کە هەتا ئەو کاتەی پارێزەر بەدواداچوون بۆ کەیسی کچەکانتان بکات، ئەو پرسە لە مەجلیسی ئیسلامیدا ناهینێتە بەر باس.

عوسمان موزەیەن لە لێدوانێکدا بۆ کوردپا، وێڕای پێزانینی خۆی بۆ بنەماڵەی کچانی شناوێ کە شانازیی ئەوەیان پێدوان، دۆسیەی کچەکانیان بە ئەستۆ بگرن، رایگەیاند: \"ئەوەی کە خەڵکی ئێمە ئاستی تێگەیشتن لەمەڕ مافەکانی خۆی چۆتە سەرەوە کە بۆخۆی داکۆکی و بەدواداچوون بۆ مافەکانی بکات، جێگەی خۆشحاڵییە\".

موزەیەن سەبارەت بە گلەیی بەشێک لە بنەماڵەی کچانی شیناوێ رایگەیاند: لە ٤ مانگ پێش ئێستاوە (مانگی خەزەڵوەر) کۆتایی بە ماوەی پارێزەریی ئێمە بۆ کەیسی کچانی شیناوێ هاتووەو سەرجەمی ئەو ٨ بنەماڵەیەی کە ئێمە دۆسیەکانیمان لە ئەستۆ بوو، تێکڕای دیەکەیان وەرگرتووە، کە ٤ ملیارد تمەن بوو\".

باوکی (ئەسرین مەعرووفی)‌ش دانی بەوەدا نا کە ٣ مانگ پێش ئێستا ٨ بنەماڵەی کچانی شیناوێ دیەی کامڵی کچەکانیان وەرگرت.

عوسمان موزەیەن دەڵێت: لە کاتێکدا کە ئێمە تەنیا پارێزەری کەیسی ٨ کەس لەو کچانە بووین، بەڵام داکۆکیمان لەو ٦ کەسەی دیکەش کردووەو تەنانەت داوای نیوەی دیەکانیشمان بۆ سارینا رەسووڵ‌زادە و سەیران یەگانەش کردووە، کە بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ گیانیان لەدەست دا.

ئەو پاریزەرە کوردە دەشڵێت ئیمە لەگەڵ ئەویەکە دیەی کامڵمان بۆ ئەو ٨ کەسە وەرگرت کە (وکالت)یان پێ دابووین، لە تاران بە شێوەی جیدی بەدواداچوونمان کرد قوتابخانەیان بۆ دروست بکەن و لەو ژێر زمەنییە بێنە دەرەوە، داوامان کردووە دەروونناس بێت ئە وکچانە لە بواری دەروونییەوە بخرێنە ژێر چاوەدێری و کۆنتڕۆڵەوە، هەروەها داوای بێمەی بێکاریشمان بۆ کردوون\".