پارێزگای کوردستان، پلەی ٩ی لە قەبووڵی کۆنکوور و پلەی ٢٧ی لە وەرگرتنی زانکۆ هەیە

15:41 - 31 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاند: قوتابییانی پارێزگای سنە لە گەڵاڵەی گوزینشی خۆجێی زۆر زەرەریان کردووە و وەرگرتنیشان بۆ زانکۆ بێئاکام ماوەتەوە.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیسنا\"ی پاریزگای سنە، لە زاری ڕەشید قوربانی بڵاوی کردەوە، کە پارێزگای سنە لە گەڵاڵەی گوزینشی خۆجێی زەرەری کردووە و بە شێوەیەک کە بە پلەی نۆهەم لە هاوتەرازیی گشتیی پارێزگاکان، پلەی ٢٧ـەمی لە وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆوەکاندا هەیە.

ناوبراو پارێزگای گیلانی لە باکووری ئێران بە نموونە هێناوە، کە لە هاوتەرازیی گشتیی کۆنکوور پلەی ٢٧ی هەیە، بەڵام لە وەرگرتن لە زانکۆوەکان پلەی شەشەمی لە ئاستی ئێراندا هەیە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: چەند جار لە پەیوەندیی لەگەڵ پێشێلکردنی ئەو مافە، نامەمان بۆ وەزارەتی زانست و لێکۆڵینەوە ناردووە و خوازیاری بەدواداچوونی ئەو کار و پێشێلکردنی مافی قوتابییانی پارێزگای سنە بووین، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا وڵامێکمان لەو پەیوەندییەدا پێ نەدراوەتەوە.

ڕەشید قوربانی، هەروەها ئاماژەی بە کەمیی هێزی مرۆییی پەروەردە و بارهێنان لەو پارێزگای کردووە و ڕایگەیاند: پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ٢٤ هەزار هێزی مرۆیی لە بەردەستدایە، کە لەو ڕێژەیە یەک هەزار و ٧٠٠ کەس خانەنشین دەکرێن و ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵدا تەنیا ٣٠٠ کەس لەو ڕێکخراویەدا دادەمەزرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بار‌هێنانی پارێزگای سنە، هەروەها ئاماژەی بە بینای بارهێنان لەو پارێزگایە کرد و ڕایگەیاند: لە پارێزگای سنە ٢ هەزار و ٧٠٠ بینای تایبەت بە پەروەردە و بارهێنان هەیە، کە لەو ڕێژەیە ٧٠٠ بینایان بە هۆی پرتووکاوی و ستاندرادنەبوون، ئەگەری ڕووخانیان زۆرە.