پارێزگای کرماشان؛ سێیەمین حاڵەتی ژنکوژی لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا

15:53 - 2 سەرماوەز 2721

لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ ڕۆژی ڕابردوو، سێ ژن لەلایەن مێرد و خوازبێنەکانیانەوە کوژران و لە نوێترین حاڵەتدا پیاوێکی خەڵکی شاری کرماشان بە هۆکاری نادیار ژنەکەی خۆی کوشت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەرپرسی پۆلیسی شاری کرماشان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "پیاوێکی تەمەن ٥٥ ساڵ بە چەکی ڕاو ژنە تەمەن ٤٨ ساڵەکەی خۆی کوشت، هەروەها دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا".

"عەلیڕەزا دلێری" لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی "فارس" ڕایگەیاند: "ئەو ڕووداوە لە شارەکی موعەلمی شاری کرماشان ڕووی داوە و هەتا ئێستا هۆکاری کوژرانی ئەو ژنە بە دەستی مێردەکەی و خۆکوژیی پیاوێکە، ڕوون نییە".

ئەو بەرپرسە نیزامییە زیادی کردووە: "تەرمی ئەو ژن و پیاوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر، ڕەوانەی پزیشکی یاسایی کراوە".

لەو پەیوەندییەدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، دوو ژنی لاوی کرماشانی بە ناوەکانی "ئارەزوو ئۆلفەتی" و "نیگار ئەحمەدی"، بەهۆی ڕەتکردنەوەی داخوازیی هاوسەرگیریی خوازبێنەکانیان، کوژرابوون.