پارێزگای کرماشان بە دەست خەسارە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەناڵێنێ

14:26 - 5 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی گیرۆدەبوونی هاووڵاتییان لە پارێزگای کرماشان بە ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکان، لە ساڵی ڕابردوودا، ١٤٢ هاووڵاتیی گیانیان لە دەست داوە.

هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیوولنا\"، لە زاری بەڕێوبەری پزیشکی یاساییی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا (٩٦)، ١٤٢ هاووڵاتی بە هۆی گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان گیانیان لە دەست داوە.

ئارتین کەماڵی، هەر چەند ئاماژەی بە کەمبووەنەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی گیرۆدەبووی ئەو ماددە ماڵوێرانکەر کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا باسی لە گیان لەدەستداوانی ژن و پیاو نەکردووە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لێدوانەکەیدا، ئاماژەی بە خۆکوژییەکان و کوشتنی بەئەنقەست کرد و ڕایگەیاند: لە ساڵی ڕابردوودا، ٢٢ کەس بە هۆی خواردنی قورسی برنج ژەهراوی بوون و ١٨ کەسی دیکە بە چەکی گەرەم کوژراون.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها بە ئاماژەدان بە ڕووداوی کار ڕایگەیاند: لە ساڵی رابردوودا، دۆسیەی ٦٥١ کرێکار کە بە هۆی ڕووداوی کارەوە بریندار بوون لەو ناوەندە حکوومەتییە تۆمار کراوە.