پارێزگاریی سنە، لە بەشداریی ژنانی هەواڵنێر لە ڕاگەیەندنەکاندا پێشگیری دەکات

15:18 - 29 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: پارێزگاریی سنە، پێش بە بەشداریی ژنانی هەواڵنێر لە ڕاگەیاندن و میدیاکان دەگرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پارێزگاریی سنە، لە بەرنامەی دایە بەربەست لە بەردەم ژنانی هەواڵنێر لە میدیاکان دروست بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە لە شاری سنە، بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگاریی سنە، بەڕێوەبەر و بەرپرسی بەرنامەی پێشگرتن لە ژنانی هەواڵنێر، لە میدیا و ڕاگەیەندنەکانە و بە پشتیوانیی ماڵی لە هێندێک لە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان، گوشاری خستووەتە سەر ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانە سەربەخۆکان.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو هەوڵە لە ڕاستای پاراستنی بەرژەوەندیی تاکەکەسی بەرپرسانی حکوومەتی و ئەمنییەتییە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، کەسانێکی نزیک لە پارێزگاریی سنە، لە هەوڵی ئەوەدان، هەتا پێگەی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ لە کوردستان لاواز و کەسانی پەیوەندیدار بە حکوومەت لە حەوتوونامەکاندا کار بکەن.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا دەڵێت: دژایەتی پارێزگاریی سنە لە بەشداریی ژنانی هەواڵنێر لە میدیاکان، لە حاڵێکدایە کە سەرپەرەستی زۆربەی بڵاڤۆکەکان لە کوردستان لە ئەستۆی ژنانە و ژنانیش بە هۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی پارێزگاریی لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.