پارێزگاری کرماشان، هاووڵاتییانی ناڕازی بە "پژاکی" و "داعشی" ناو دەبات

10:59 - 3 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: پارێزگاری کرماشان، هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی ئەو شارە بە "پژاکی، داعشی، موعاند و مۆنافێق"، ناو دەبات.

ڕۆژی شەممە، ٢ی سەرماوەز، "هووشەنگ بازوەند"، لە کۆبوونەوەی شۆرای پلاندانان و پەرەپێدانی پارێزگای کرماشان، هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی ئەو شارەی بە "پژاکی، داعشی، مۆنافێق و موعاند"ی حکوومەتی ئێران تاوانبار کرد و وتی، هەموو ئەو کەسانە لەلایەن هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانەوە ناسێندراون و لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵسوکەوتی یاسایی دەکرێت.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە وتیشی، شۆرای تەئمینی کرماشان ئاژاوەگێڕەکانیان ناسیوەتەوە و ڕادەستی دەزگای دادوەری کراون، هەتا هەڵسوکەتیان لەگەڵ بکرێت.

 لەو پەیوەندییەدا، ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان پاش ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە کوردستان، پڕوپاگەندەی میدیاییان دژی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دەست پێکردبووەوە.

پاش خۆپیشاندانەکان لە سنە، ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان ئیدعای ئەوەیان کردبوو کە حیزبە کوردییەکان، بەتایبەتی کۆمەڵە و دێموکرات، هۆکاری سەرەکیی ئەو توندوتیژییانەن.