پارکی فەرهەنگی پیرانشار بە حوکمی دادگای ئەو شارە تێک درا + وێنە

21:27 - 8 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: دادگای گشتیی شارستانی پیرانشار پارکی فەرهەنگی ئەو شارەی وەک مڵکی بەمیرات لە قەڵەم دا و هەربۆیەش ئەو پارکە لە لایەن میراتگرەکانیەوە تێک درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سەر حوكمی قازیی دادگای پیرانشار، پاركی \"فەرهەنگ\"ـی پیرانشار لە لایەن چەند كەسێكەوە كە داواكاری ئەو موڵكە بوون تێک درا.

ئەو پاڕکە سەرەڕای دژایەتی و ناڕەزایەتیی چالاکانی ژینگەپارێز تێک دراوە.

هەروەها خەڵكی شار سەردانی دەفتەری شوورای شار و دەفتەری شارەدارییان کردووە و داوای پیش گرتن لە تێکدانی ئەو پاڕكەیان كردووە، بەڵام هیچ وەڵامیک بە خەڵک نەدراوەتەوە و بە زۆر خەڵكیان لەو شوێنه دوور خستووەتەوە و بڵاوەیان بە خەڵكی ناڕازی كردووە.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ پێشتر دادگا لە دوو حوکمی جیاوازدا، پێشی لە تێکدان و خراپ کردنی ئەو پارکە گرتبوو، بەڵام لە ئەنجامی بەدواداچوونی ئەو کەسانەی کە ئیدعای خاوەن‌دارییەتی ئەو پارکەیان دەکرد، قازیی دادگا لە حوکمێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو پارکە موڵکی شەخسییە و دراوەتەوە بە میراتگرەکانی.

بنەماڵەی (ع.م) میراتگری ئەو پارکەن و ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دیواریان بە دەوری ئەو پارکەدا کێشاوە.

هەروەها هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ئەو پاركە پێشتر بە بڕی،١میلیارد تەمەن كڕدراوە، بەڵام ئێستا خاوەن مڵک بە دنەدانی شارەدار و بەشێک لە بەرپرسانی ئەو شارە، داوای ٥ میلیارد تمەن دەكەن.

تێکدان و لەناوبردنی دار و گوڵی ئەو پارکە لە کاتێکدایە کە پێشتر فەرمانداری و شارەداریی پیرانشار زەمینێکی دیکەیان بە جێگای پارکی فەرهەنگ دیاری کردبوو.

بەپێی بەراوردە نیوەفەرمییەکان، لە نزیک بە ١٤٠ میلیۆن هێکتار لە \"زەوییە نەتەوەییەکان\" نزیک بە ١٠ میلیۆن هێکتار زەوی، تاپۆیان نیە.

پارکی فەرهەنگ دەكەوێتە نێوەڕاستی شار و لە گەڕەكی فەرهەنگیانی١ و ٣ی پیرانشار هەڵکەوتووە.

\"پارک

\"پارک

\"پارک

\"پارک