پارلەمانی كوردستان یاسای‌ ئەكادیمیای‌ كوردیی‌ پەسەند كرد

21:03 - 29 جۆزەردان 2712
كوردپا: یاسای‌ ئەكادیمای‌ كوردیی‌ كە ماوەی‌ دوو هەفتە بوو گفتوگۆكانی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان تەواو ببوون، بە زۆرینەی‌ دەنگ لەلایەن ئەندامانەوە پەسەند كرا.

ماڵپەڕی خەندان بڵاوی كردەوە، لە گرینگترین خاڵەكانی‌ ئەو هەموار كردنەوەیە داوا كراوە كە ئەكادیمیای‌ كوردی‌ سەرچاوەی‌ سەرەكی‌ بێت بۆ هەموو ئەو بابەتانەی‌ پێیوەندیی‌ بە زمانی‌ كوردییەوە هەیە، هەروەها بۆ كۆكردنەوەی‌ هەموو دیالێكتەكانی‌ زمانی‌ كوردی‌ و پێكهێنانی‌ زمانێكی‌ فەرمی‌، كە هەتا ئێستا بەهۆی‌ هێندێك كێشەوە پشت گوێ‌ خراون.

لەو هەموار كردنەوەیەدا بە زۆرینەی‌ دەنگ مەرجی‌ تەمەن بۆ بەئەندام بوون لە ئەكادیمیای‌ كوردی‌ رەتك رایەوە، لەبارەی ئەو كەسەی‌ كە دەبێتە ئەندام لە ئەكادیمیای‌ كوردی، مەرجە‌ دەبێ زمانی‌ كوردی‌ بە پلەی‌ شارەزایی زمان بزانێت.

هەر لەو هەموار كردنە بە زۆرینەی‌ دەنگ بوونی‌ بەڕێوەبەرایەتیی‌ وەرگێران بۆ ئەكادیمیای‌ كوردی‌ رەت كرایەوە.

ئەكادیمیای‌ كوردی‌ وەك دەزگایەكی‌ زانستی‌ درێژەپێدەری‌ كۆڕی‌ زانیاریی‌ كوردە كەلە ساڵی‌ 1970 لە بەغدا دامەزراوە، دواتر لەلایەن حكوومەتی‌ بەعسەوە داخرا، تا ساڵی‌ 1997 جارێكی‌ دیكە كرایەوە و لەژێر ناوی‌ \"كۆڕی‌ زانیاریی‌ كوردستان\" درێژەی بە چالاكییەكانی دا كە هەتا ساڵی‌ 2007 جارێكی‌ دیكە ناوەكەی‌ گۆڕا بۆ \"ئەكادیمای‌ كوردی‌\" چوارچێوەی كار و چالاكییەكانی كاركردن و توێژینەوەیە لەسەر زمانی كوردی و ماوەی یەك ساڵە پڕۆژەی \"ئێنسكلۆپیدیای كوردستان\" لەژێر چاوەدێری ئەكادیمیای كوردی و بە بەشداریی نزیك بە 150 مامۆستا و پسپۆڕی كورد و بیانی دەستی پێكردووە.