وەزیری ئیتلاعات هەڕەشەی لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت کرد

14:10 - 17 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: وەزیری ئیتلاعات، جارێکی دیکە هەڕەشەی توندی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی بەفرانبار، مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، هۆشداری بە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەت دا و هەڕەشەی توندی لێ کردن.

وەزیری ئیتلاعات لە لێدوانێکدا لە ڕێورەسمی سەرەخۆشی سێ کەس لە کوژراوەکانی پیراشار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری ورمێ ڕاگەیاند: بە زووی سەربازانی ئیمام زەمان وڵامی توند بە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت لە ناوچەکە دەداتەوە.

ئەو هەوڵویستەی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، لەوە سەرچاوە دەگرێت، کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسی لە شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی شار لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران گوندی \"زێوە\"ی سەر بە ناوچەی پیرانی پیرانشار کردبوو.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا زمانحاڵی حدکا لەو باریەوە بڵاوی کردووە، کە هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ هێزە بەکرێگیراوەکانیان ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ هێرشیان کرده سەر گوندی زێوەی سەر بە ناوچەی پیرانی پیرانشار و بە شێوەی دڕندانە لەگەڵ خەڵک دەرگیر بوون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، لەو هێرشەدا پێشمەرگەکانی شار لە هێزەکانی ڕێژیم هاتنە دەست و بە هێرشێکی پێچەوانە، زەبرێکی کاریگەریان لە هێزەکانی ڕێژیم و بەکرێگیراوانیان دا و سێ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا کوژران.

پێشتریش قەرارگای حەمزە، چەند جارێک هەڕەشەی هێرش کردنە سەر حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانیان کردبوو کە لە ئەگەری هەر جموجووڵ و دەستدرێژییەکی ئەوان هەتا بنکەکانی خۆیان ڕاویان دەنێنن و بە توندی سزایان دەدەن.