وەزنەبەردارێکی کورد بووە ئەندامی تیمی نەتەوەیی ئێران

12:11 - 10 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: \"عەلیڕەزا کاردانیان\" وەرزشکاری کوردی خەڵکی شاری قوروە، توانی پاش سەرکەوتن بەسەر ڕکەبەرەکانی‏دا، ببێتە ئەندامی تیمی نەتەوەیی وەزنەبەرداریی ئێران.

ناوبراو لە ڕێکەوتی 11ی ڕەشەمەوە تاکوو ٢١ی ڕەشەمە، لە سەر داوای ڕاهێنەری تیمی نەتەوەیی وەزنەبەرداری ئێران \"محەممەدحوسەین بەرخاه\"، بەشداریی لە ئۆردووی تیمی نەتەوەیی لە تاراندا دەکات.

کاردانیان پاش بەشداریی و سەرکەوتن بەسەر ڕکەبەرەکانی لە قارەمانەتی وەزنەبەرداریی مێرمنداڵانی ١٥ و ١٦ ساڵان کە لە شاری سنە بەڕێوەچوو، توانی لە دەستەی ٦٢ کیلۆدا سەرکەوتن وەدەست بێنێت و بەم شێوەیە سەرنجی بەرپرسانی تیمی نەتەوەیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ببێتە ئەندامی تیمی نەتەوەیی.

ئەم وەرزشکارە کوردە لە ساڵی ٩٠ی هەتاوییەوە ڕووی لەم وەرزشە کردووە و تا ئێستا توانیویەتی کۆمەڵێک سەرکەوتنی باش بۆ خۆی تۆمار بکات و بڕیار وایە پاش بەشداری لەم ئۆردووە، وێڕای تیمی نەتەوەیی وەزنەبەرداری، بەشداری لە کێبڕکێ نێونەتەوەییەکاندا بکات.