وەزشوانانی کورد، مەودای سنە هەتا هەڵەبجەیان بە دووچەرخە بڕی+وێنە

15:40 - 25 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: گروپێکی وەرزشوانیی کورد، بە مەبەستی رێزگرتن لە یادی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە، مەودای شاری سنە هەتا هەڵەبجەیان بە دووچەرخە بڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا، گەشتێکی دووچەرخە لێخوڕین بە بۆنەی ٢٧مین ساڵیادی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و مەحکووم کردنی ئەو کارەساتە، لە شاری سنە بەڕێوەچوو.

کەمال لەتیفی، یەدوڵڵا زاهیدپوور، کاوە رەسووڵی، موحسین سەڵاواتی، سەید دیاکۆ پیر زوهەیری، ئارەش ئیبراهیمی، نیما سەید مورادی و ئەمیر زەمان‌پەروەر، ئەو کۆمەڵە وەرزشوانە کوردە بوون کە لەو گەشتە دووچەرخە لێخوڕینەدا بەشدارییان کردووە.

ئەو گەشتە دووچەرخەسوارییە لەلایەن لێپرسراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی گەرمیان لێکراوەو تێچووی ەئو گەشتەش لە ئەستۆی وەزارەتی وەرزش و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

لە بەرەبەری بیست و حەتەمین ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەدا، تیمی شاخەوانیی \"ئاربەبای\"ی شاری بانە، شاری بانە هەتا هەڵەبجەیان بە پێ بڕی.

هەروەها سەلاح سەعیدپوور هاورێ لەگەڵ سروە ئەمینیی هاوسەری، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەریوان، بۆ بەرزراگرتنی یادی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە، مەودای ١٠٥ کیلۆمیتریی نێوان مەریوان و هەڵەبجەیان بە دووچەرخە بڕیوە.

چالاکیی شاخەوانی، کردنەوەی پیشانگەی وێنە، دانانی مۆنۆمێنتی شەهیدان، بەڕێوەبردنی سمیناری زانستی لە زانکۆکان و بەڕێوەبردنی شەوە شێعر، ئەو چالاکییانە بوون کە لە بەرەبەری ساڵیادی کیمیاباران کردنی هەڵەبجەدا لە کوردستانی ئێران بەڕێوە چوون.

\"25422.jpg\"

\"25425.jpg\"

\"25424.jpg\"