وەزرشوانێکی سەقزی بە سێ مانگ زیندانی مەحکووم کرا

14:33 - 19 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: وەزرشوانیکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەقز، بە هۆی نەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر تیشرتەکەی، بە سێ مانگ زیندانی مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، دادگای ئینقلابی شاری سەقز، حوکمی سێ مانگ زیندانیی بەسەر وەرزشوانێکی کورد بە ناوی \"میلاد فازڵپوور\"، کوڕی محەمەد، خەڵکی گوندی \"مەڵقەرەنـ\"ـی شاری سەقزدا سەپاند.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقزدا ڕایگەیاند: ئەو لاوە کوردە، بە بۆنەی لەبەرکردنی تێشرتێک لە جێژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، کە بە ئاڵای کوردستان نەخشێندرابوو، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە دەسبەسەر و دواتر بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەواڵنێری کوردپا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لاوە کوردە، پاش ئازادکردنی لە زیندان، بە شێوەی کاتی چەند جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و لێپرسینەوەیان لێ کردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، بە سازکردنی دۆسیەیەک لە پێوەندی لەگەڵ نەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر جلوبەرگی ئەو وەرزشوانە کوردە، دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە پشتبەستن بەم دۆسیەیە ئەو هاووڵاتییەی بە سێ مانگ زیندانی مەحکووم کردووە.

ئاڵای کوردستان، کە هەتاوێک لە نێوەڕاستەکەیدایە، بەدەر لە ڕوانگەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیک، لای هەموو هاووڵاتییەکی کورد بە چاوی ڕێزەوە سەیری دەکرێت و لە کاتی شۆڕشی \"ئێحسان نووری پاشا\" و \"شێخ مەحموودی حەفید\"ـەوە وەکوو ئاڵای کوردستان هێمای بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد بووە و دواتر لە کۆماری کوردستان ئەم ئاڵایە هيندێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و هەروەها دواتریش لە هەرێمی کوردستان بە هيندێک ئاڵوگۆڕی دیکەوە وەکوو ئالای حکوومەتی کوردستان دیاری کرا.

شایانی باسە، حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئاڵای کوردستانیان بە فەرمی ناسیوە.