وەزارەتی ئیتلاعات وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی کامیارانی دەستبەسەر کرد

21:15 - 11 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەرزشکارێکی کوردی خەلکی کامیارانیان لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار راگواست.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە والیباڵیستەکانی خەلکی کامیاران لە ئوستانی کوردستان بەناوی نامدار رەحمانی و کوڕی عەلی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، سەرەتای ئەم حەفتەیە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی هێرشی کراوەتە سەر و وێڕای دەستبەسەر کردنی، بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران لە زاری سەرچاوەیەکی ئااگداراوە رایگەیاند؛ ئەو وەرزشوانە کوردە تەمەنی ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی \"لۆنی سادات\" بووە، کە لەلاکتی دەستبەسەر کرانیدا کەوتۆتە بەر لیدان و سووکایەتی پێکردنی هیزە ئیتلاعاتییەکان.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەستەبسەر کردنی نامدار، ماڵی باوکیشیان پشکنیوە تێکرای کەلوپەلە شەخسییەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

رێکەوتی ٥ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵیش دادگای ئینقلابی مەهاباد حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ وەزشوانێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بڕییەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی نامدار رەحمانی بە ناڕوونی ماوەتەوەو سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.