وەزارەتی ئیتلاعات لەگوندێکی ناوچەی سنە هەوڵی لێکترازانی بنەماڵەکان ئەدات

20:39 - 10 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: چەند ئەندامێکی وەزارەتی ئیتلاعات لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە ناوچەی ژاورۆی سنە، بە شێوەی پلان بۆداریژراو و لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە نێو بنەماڵەکانی ئەو گوندەدا ئاژاوە دروست دەکەن.

بەپیی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ژمارەیەک کەسی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات، ماوەی ٦ مانگە لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەوڵی لێکترازانی بنەماڵەکان و جیابوونەوە ژن و مێردەکانی خەڵکی گوندی گەلێن ئەدەن و سەرەڕای ئەوەی دەیان جار لە دادگا سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە، لەو کارە بەردەوامن.

هەواڵنیری کوردپا لەزاری یەکێک لە دانیشتوانی گوندی گەلێنەوە رایگەیاند، وەزارەتی ئیتلاعات لە رێگەی چەند کەسێکەوە، کە هەتا ئیستا دەیان لاوی ئەم گوندەیان تووشی ماددەی هۆشبەر کردووە، سەرەڕای ئەوەی ٨٥ دۆسیەیان لە دادگا بۆ کراوەتەوە و لەو پەیوەندییەدا بەڵگەیەکی یەکجار زۆر پێشکەش بە دادگا کراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەزارەتی ئیتلاعات پشتیوانی‌یان دەکات، بۆ یەک جاریش بەروڕووی دادگا نەبوونەتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی: ئەو چەند کەسە لە رێگەی ١٧ ژمارەی ئیرانسێلەوە، کە پرینتەکەی لە موخابەرات وەرگیراوەتەوە و سەرەڕای ئەوەی فایلە دەنگیەکانیشیان لە نێو خەڵکدا بلاو بۆتەوە، بە بەردەوامی پەیوەندی بە ژنانی گوندەکەوە دەگرن و هەڕەشەی ئابڕو بردن و دەستدرێژی کردنیان لێ دەکەن و بەم جۆرە چەندین ژن و مێرد هەتا سنووری لێک جیابوونەوە تەڵاق وەرگرتن چوون.

ئەو هاووڵاتییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت؛ گوتیشی: یەکێک لەو کەسانە کە پێشتر دێهیاری ئەو گوندە بوو، راستەوخۆ بە پلانی وەزارەتی ئیتلاعات حەب و ماددەی هۆشبەر لە نێو لاواندا بڵاو دەکاتەوەو بەو جۆرە دەیان لاوی خەڵکی گوندی گەلێن تووشی ماددەی هۆشبەر بوونە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێشتر لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، بەرپرسی شۆرا و دێهیاریی گوندی گەلێن بە شێوەیەكی بەربڵاو مادە هۆشبەرەكان لەو گوندە بڵاو دەکەنەوە کە بەرئەنجامی ئەو کارە هەتا ئێستا ٦٨ کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندە تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون.

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ژمارەیەک لە بنەماڵەکانی دانیشتووی ئەو گوندە لەژێر فشار و بە گرتندانی ئەو کەسانە بە ناچاری زێدی خۆیان بەجهێشتووەو دەیان لاوی خەڵکی ئەو گوندەش روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە.

ئەو چەند کەسەی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات، کە سەرجەمیان و برا و ئامۆزای یەکترین، چەند کەسێکیان بە ناوەکانی \"م. س، خ. س، ئـ. س، ت. س، م. س\" لە ساڵانی رابردوودا دەستێکی باڵایان لە موعتاد کردن و سەرکوتی لاوانی ئەو گوندی گەلێن‌دا هەبووە.

هەروەها ئاشکرای کرد؛ \"م.س\" و \"خ. س\"، کە دانێشتووی گوندی گەلێنن و راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعات لە پەیوەندی دایە، دەستی لە کوشتنی کەسێک بەناوی حەبیبوڵڵا تەنهایی\"دا هەبووە، کە ئەو هاووڵاتییە تەنیا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە گوتیشی؛ حەبیبوڵلا تەنهایی رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی دەستبەسەر کراو پاش ٣ رۆژ مانەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات، لەژێر ئەشکەنجەدا، کە راستەوخۆ \"خ، س\" دەستی لە ئەشکەنجەیدا هەبوو، گیانی لەدەست دا.