وەزارەتی ئیتلاعات لێکۆڵینەوە لە بنەماڵە یارسانەکان دەکات

16:52 - 8 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەخاتە ژێر گوشار و لێکۆڵێنەوەیان لێ دەکات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، باوکی یەکێک لە چالاکانی سیاسیی کورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بیجار لە ئوستانی کوردستان بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

رەزا شامورادی کە وەکوو پەنابەر لە وڵاتی ئووسترالیا نیشتەجێیە، بۆ چەندمین جار باوکیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بیجار کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی شاری بیجار لەلایەن مەئمورانی ئەمنییەتی هەڕەشەی لێکراوە لە دەبێ باسی ئەو لێکۆڵینەوەیە نەکات و بە نەهێنی لەلای خۆی رابگرێت.

\"28506.jpg\"
رەزا شامورادی یەکێک لە چالاکانی سیاسیی کورد که بنەماڵەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بیجار بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لێکراوە
پێشتر، شامورادی چەند وتارێکی لەسەر ئایینی یارسان کە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە فەرمی نەناسراون بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، لەچەند مانگی رابرددودا حکومەتی ئێران گوشار دەخاتەسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و لەزۆربەی شارەکانی کوردستان، ئیدارەی ئیتلاعات پێوەندی راستەخۆ لەگەڵ بنەماڵەیاندا دەگرێت و هەڕەشەی ئەمنیەتی _قەزایان لێ دەکات.

لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێکخراوەی لێبوردوونی نێونەتەوەیی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە راودوونانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی ومەدەنی لەئێراندا کردوە.

هەوڵەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە لەو راپۆرتەدا هاتووە باس لەترساندن، هەرەشە، دەستبەسەر کردن بۆ ماوەی کورت ، تەنگ پێ‌هەڵچنینی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە خۆ دەگرێت.