وەزارەتی ئیتلاعات بەرپرسایەتیی هێرشی بۆ سەر پێشمـەرگەکانی حدکای بە ئەستۆ گرت

14:08 - 22 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعات بەرپرسایەتیی هێرشی بۆ سەر پێشمەرگەکانی حدکای لە شاری پاوە بە ئەستۆ گرت.

وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کرماشان، شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتیان لە شاری پاوە، دۆزیەوەتەوە و پاش شەڕ و تێکەڵچوونێکی چەکدارانە لە نێوان هێزە ئیتلاعاتییەکان و پێشمەرگەکانی حدکا ڕووی داوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی لەو بەیاننامەیەدا ئیدعا دەکات، کە لەو شەڕەدا، چەند \"قەبزە چەکوچۆڵ، نارنجەک، کەرەستەی شەڕ و بەڵگەنامە\"یان دۆزیوەتەوە، کە \"وڵاتانی ڕۆژئاوایی\"، پشتیوانیی چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون.

ڕۆژی هەینی ٢٠ ڕەزبەر، لە سەیرانگای \"بیمیری\" شاری پاوە، کە پێشتر لە لایەن هێزێکی زۆری حکوومەتییەوە گەمارۆ درابوو، لە نێوان ئەو هێزە پۆشتە و پەرداختە حکوومەتییە کە پێک هاتبوو لە کۆمەڵێک دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ یەکەیەک لە پێشمەرگەکانی ڕێکخستنی شار، سەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری پاوە، شەڕێکی قورس هاتە ئاراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هاتووە: لەو شەڕەی کە زیاتر لە ۳ کاتژمێری خایاندووە، دوو ڕۆڵەی قارەمان و فیداکاری نەتەوەکەمان کە لە یەکەیەکی ڕێکخستنی شاردا سازمان درابوون بە ناوەکانی \"شەهید شاهۆ وەیسی\"و \"شەهید زانیار ئیسلامی\" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان بوون و هەروەها هاووڵاتییەکی دڵسۆزی شاری پاوە بە ناوی \"فەرشاد چەچانی\" کە بە مەبەستی سەیرانکردن لەو ناوچەیە بوو بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژرا.