وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی به کردەوەیەک بۆ \"تۆڵە ئەستاندنەوە\" ناو برد.

22:10 - 20 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران به ئاماژه به هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات، هەڕەشەی لەم حیزبە کرد.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێری ئەلجەزیرەدا که سەبارەت به مووشەکباران کردنی بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن سپای پاسدارانەوە پرسیاری کرد، ڕایگەیاند: جووڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، هێزە چەکدارەکانی ئێرانی ناچار کرد کە لە کردەوەیەکدا سەرەڕای تۆڵە ئەستاندەوە، ڕێگری لە جووڵەکان بکەن و تەنانەت بە پێی هەندێ زانیاری باوەڕ پێکراو کردەوەیەکی پێشوەخت ئەنجام بدەن.

ناوبراو وتوویەتی: هیوادارین بە بیرکردنەوەی هەموو لایەنەکان، سنوورە هاوبەشەکانی ئەم ناوچه هەستیارە، ببنە ئەمنترین و سەقامگیرترین سنوورەکانی ناوچه. بێ گومان کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت به ئاسایشی خۆی و دەسدرێژیی لایەنە تێرۆریست، بەستراو به لایەنەکانی تر و دوژمنانی دژی ئێران لە گەڵ هیچ لایەنێک نەرمی نواندنی نییه.

لە لایەکی ترەوە، محەممەد باقری، بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری تەسنیم سەبارەت به هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات وتوویەتی: لە ساڵی ٧٥دا بەرپرسانی کوردستانی عێراق و هەروەها بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستان به نووسراوە بەڵێنیان دا که لە خاکی ئێراندا هیچ جۆرە ئۆپەراسیۆنیک بەڕێوە نەبەن، بەڵام به دنەدانی ئامریکاییەکان، بەڵێنی خۆیان شکاند و دەستیان دایە کردەوەی تێرۆریستی.

ناوبراو دەڵێ: پاش ئەم جووڵە و کردەوانە، چەندین جار هۆشداریمان پێ دان و تەنانەت بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش هۆشدارییان پێ دان که بەداخەوە گوێیان لەو هۆشدارانە نەگرت، بۆیه کردەوەکانی ئەوان بۆ ئێمە قەبووڵ نەدەکرا.

بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێ: ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق ئەبێ ئەم کەسانە کە تاوانبارن ڕادەستی کۆماری ئیسلامی بکەنەوە و ئەگەر ناتوانن ئەم کارە بکەن، لانیکەم ئەم کەس و گرووپانە له وڵاتەکەیان وەدەر بنێن.

لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارن بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیەی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرماناندا، ١٥ کادر و پێشمەرگەی حیزب گیانیان لە دەست دا و ٤٠ کەسی دیکەس بریندار بوون.