وەرگەڕانی ماشین لە جوانڕۆ ١٣برینداری لێ کەوتەوە

20:50 - 9 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقینی یەکێک لە تایەکانی ماشینی کرێکارانی سنووری شێخ سەڵە، ١٣ کرێکار بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی دوو‌شەممە ٨ی خەرمانان، نیسان وانتی کرێکاران لە کاتی گەڕانەوە لە بازارچەی سنووریی شێخ سەڵە، لە نزیک گوندی \"نگرە\"ی شاری جوانڕۆ، بە هۆی تەقینی یەکێک لە تایەیەکانی وەرگەڕا و لە ئەنجامدا، ١٣ کرێکار بریندار بوون.

٦ کەس لەو هاووڵاتییانە بە سەختی بریندار بوون، کە دوو کەسیان ڕەوانە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی شاری کرماشان کراون و ٤ کەسەکەی دیکەش، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری جوانڕۆ کراون.

پێشتریش، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ و پێکدادانی دوو ماشینی لە جۆری مازدا لەگەڵ تۆیۆتایەکی پانکی، لە نزیک گوندی دزڵیی سەر بە شاری سەوڵاوا، ١٣ هاووڵاتی بوونە قوربانی.

بەپێی ئامارە فەرمیەکانی ئێران، ڕۆژانە ٤٣ هاووڵاتی لە ئێران بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ، گیانیان لەدەست دەدەن.