وەرگەڕانی ماشین، بریندار بوونی دوو کرێکاری شارەداریی نۆدشەی لێ‌کەوتەوە

14:01 - 21 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی وەرگەڕانی ماشینی شارەداریی شاری نۆدشە لە کاتی خاڵیکردنی زبڵ و خاشاک، دوو کرێکاری شارەداریی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی جۆزەردان، دوو کرێکاری شارەداریی شاری نۆدشە، بە هۆی وەرگەڕانی ماشین بریندار بوون.

شوناسی ئەو دوو کرێکارە، بە ناوەکانی \"ئیدریس خالیدینیا و ئیسماعیل محەممەدی موتڵەق\" ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو کرێکارە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پاوە کراون.

دەوترێ، ئەو دوو کرێکارە، لە کاتی گەڕانەوە لە شوێنی خاڵیکردنی زبڵ و خاشاک لە جاددەی نێوان نۆدشە و \"کەڵ چنارە\" تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، ڕۆژانە ٤٣ هاووڵاتی لە ئێراندا بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، گیانیان لەدەست دەدەن.

خراپی دۆخی ڕێگەوبانەکانی وڵاتی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ناوەبەناوە ڕووداوی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە و بەرپرسانی پێوەندیداریش لەوپەڕی خەمساردیدا، هەر ڕۆژە و گەندەڵییەکی ئابوورییان لێ دەردەکەوێ؛ داهات و سامانی وڵات دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی نابەرپرس و خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانیی خەمساردی و کەموکۆڕییەکانی ئەوان.