وەرگەڕانی تەراکتۆر گیانی وەرزێرێکی کامیارانی ستاند

00:04 - 5 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی کامیاران لە کاتێکدا سەرقاڵی جووت کردن بوو، بەهۆی وەرگەڕانی تەراکتۆرەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج‌شەمە رێکەوتی ٤ی رەزبەر هاووڵاتیەک کورد بە ناوی \"جەهانگیر رەحمانی\" کوری محەممەد لە کاتی جوت کردندا تەراکتۆرەکەی وەرگەڕاوە و لەئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٥ ساڵەیە، خێزاندار و خەڵکی گوندی \"لۆنی سادات\"ی سەربە ناوچەی کامیاران بووە.

هاووڵاتییانی کورد بەهۆی نەبوونی زەوییەکی شیاو بۆ وەرزێڕی بە ناچاری روو لە کێڵانی شوێنە هەڵدێرەکان دەکەن و زۆر جار بەهۆی هەڵدێرانی تەراکتۆرەکانیانەوە تووشی رووداو دەبن.

بە وتەی هاووڵاتییانی گوندی لۆنی سادات، ئەو شوێنەی کە جهانگیر تێیدا سەرقاڵی جووت کردن بووە، شوێنیکی هەڵدێر بووەو دەگوترێ کە ئەو وەرزێڕە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکەی سەرقاڵی کێڵانی ئەو زەوییە هەڵدێرە بووە.