وەرگرتنی پارەی زۆرەملیی ئیدارەی پەروەردە لە قوتابیانی شاری ڕوانسەر

14:01 - 20 رەشەمه 2715
ئاژانسی كوردپا: ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری ڕوانسەر لە بەخشنامەیەکدا، بڕەپارەیەکی بەرچاویان لە سەرپەرەستی قوتابیان داوا کردووە و ئەم داواکارییە، ناڕەزایەتی توندی سەرپەرەستی قوتابیانی لێ‏کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان، لە نامەیەکدا بە قوتابخانەکانی ئەو شارە، ڕایگەیاندووە کە بۆ دابینکردنی تێچووی قوتابخانەکان، پارە لە قوتابیان وەربگرن.

\"29737.jpg\"
داواكاری قووتابخانەی زەینەب
لەم پەیوەندییەدا، قوتابخانەی \"حەزرەتی زەینەب\" لە قوتابیانی قوتابخانەکە داوای کردووە کە بڕە پارەی دیاری کراو لە نامەی هەنێردراو بۆ سەرپەرەستی قوتابیان، وەک \"خەڵات\" بۆ قوتابخانە و دابین کردنی پێداویستیەکان ڕادەستی بەرپرسان بکەن.

دەوترێت کە ئەم کردەوەی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لەو شارە، ناڕەزایەتیی سەرپەرەستی قوتابیانی لێ‏کەوتووەتەوە.

بە پشت بەستن بە یەکێک لە نامە هەنێردراوەکان بۆ سەرپەرەستی قوتابیان کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، ئەم قوتابخانەیە بۆ قوتابیانی قوتابخانەی دیاری کردووە کە هەر کامیان لە ١٠ تا ٥٠ هەزار تمەن پارە بەو قوتابخانە بدەن.

هەروەها حکوومەتی ئێران لەژێر ناوی یارمەتی بە \"مدافعانی حەرەم\" نامەی بۆ بنەماڵەی قوتابیان ناردووە کە پارە بۆ قوتابخانەکان بنێرن.

حکوومەتی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکان لە ژێر ناوی خەڵات بۆ قوتابخانە و بەڕێوەبردن و دابین کردنی پێداویستەکان لە قوتابیان پارە وەردەگرن کە ئەمە لەگەڵ یاسای بارهێنان و مافی خوێندن، ناتەبایی هەیە.

بەپێی بەندی یەکی مادەی ٢٦ی ڕاگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ بۆ پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر و گشتگیر، هەموو کەسێک مافی پەروەردە و فێربوونی هەیە و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لانیکەم دەبێ پەروەردەی سەرەتایی و بنەڕەتیی بێ‏بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان تەرخان بکات.

هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێیەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات و هەروەها لە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە، دەوڵەت ئەرکدارە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنانی بێ بەرانبەر بۆ هەموو خەڵک هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و خوێندنی باڵاش هەتا ئاستی خۆبژیویی وڵات، بە شێوی بێ‏بەرانبەر پەرە پێ‏بدات.