وەرگرتنی پارە لەقوتابیانی شاری بۆكان+ بەڵگە

14:32 - 12 جۆزەردان 2714
ئاژانسی كوردپا: لەیەكێک لەقوتابخانە دواناوەندییەكانی شاری بۆكان بە قوتابیان راگەیەندووە، پێویستە بۆ ساڵی خوێندنی ٩٣ـ ٩٤ پارە بە قوتابخانەكەیان بدەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لێپرسراوی قوتابخانەی \"بنت الهدی\" لەشاری بۆكان لە نامەیەكدا كە بۆ بنەماڵەی قوتابییەكانی ناردووە، پێی وتوون بە مەبەستی دابین كردنی كەلوپەل و پێداویستییەكانی قوتابخانەكە دەبێ‌لانیكەم هەر قوتابییەک ٥٠ هەزار تمەن بە قوتابخانە بدات.

یەكێك لەبنەماڵەی ئەو قوتابیانەی كە داوای پارەی لێكراوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، لەنامەكەدا نووسراوە كە نابێ‌ئەو بڕە پارەیە كەمتر لە پەنجا هەزار تمەن بێت، بەڵام بەشێوەی زارەكی بە قوتابیانیان وتووە كە دەبێ‌١٠٠ هەزار تمەن پارە بە قوتابخانە بدەن.

ئەو سەچاوەیە ئاشكراشی كرد، لێپرسراوی قوتابخانەی \"بنت الهدی\" بە قوتابیانی وتووە، هەر قوتابیەك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات، لەكاتی ناونووسی بۆ خوێندنی ٩٣ـ ٩٤ گرفتی بۆ درووست دەکرێت‌.

لەلایەكی دیكەوە و بەوتەی یەكێك لەقوتابیانی قوتابخانەی دواناوەندی \"بنت الهدی\"، ئەگەر بەپێی ئەو نووسراوەیە بێت، لەناو قوتابخانەكاندا هیچ ئیمكاناتێك بوونی نیە، چونكە سەرجەم تێچووی پێداویستییەكانی ناو قوتابخانەكە خراوەتە ئەستۆی قوتابیان.

بە وتەی شارەزایانی بواری پەروەردە و بارهێنان، پێویستە قوتابخانە دەوڵەتییەكان بە تەواوی لەلایەن حكوومەتەوە پشتیوانیان لێ‌بكرێ‌و كەش و هەوایەكی لەبار بۆ خوێندن پێك بێنن و وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لەقوتابیان نیشانەی بێ‌بایەخ كردنی خوێندنە.

بەپێی ئەسڵی ٣٢ لە یاسای بنەڕەتی:\" پێویستە دەوڵەت سەرجەم كەلوپەلی پەروەردە و بارهێنان بە خۆڕایی و بێ‌بەرامبەر بۆ سەرجەم قوتابیان(سەرەتایی، ناوەندی، دواناوەندی) دابین بكات.

ئەو مادە یاسایییە لەحاڵێكدایە، كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بە بەردەوامی و بە مەبەستی وەرگرتنی پارە، فشار خراوەتە سەر قوتابیان و بنەماڵەكانیان و ئەگەریش قوتابیان لەدانی پارە خۆ دەبوێرن، بێ‌رێزیان پێ‌دەكرێ.

لەلایەكی دیكەوە بەرپرسانی قوتابخانەكانیش بۆ وەرگرتنی پارە لەقوتابیان پاساوی خۆیان هەیە و دەڵێن، ئەگەر بێتو خەڵک و بنەماڵەی قوتابیان یارمەتی قەتابخانەكان نەكەن، دەبێ‌دەرگای قوتاتبخانەكان دابخەین، چونكە هیچ ئیمكاناتێكی ئەوتۆ لەو ناوەندە فێركارییانەدا بەدی ناكرێ‌و دەوڵەت قوتابخانە \"دەوڵەت\"‌ییەكان پشت گوێ‌خستووە.

مادەی سی لەیاسای بنەڕەتی ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە،\" هیچ قوتابخانەیەكی دەوڵەتی مافی ئەوەی نیە، كە كاتی ناونووسینی كردنی قوتابیان، پارەیان لێ‌بستێنن\"، خاڵێكی یاسایی كە زۆر بە كەمی كاری پێدەكرێ‌.
\"20289.jpg\"