وەرگرتنی پارە لە قوتابیان پەرەی ستاندووە

18:44 - 6 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەکانی گوندی دزڵی سەربە شاری سەوڵاوا بۆ دابین کردنی مووچەی فەڕاش و کڕینی سووتەمەنی، پارە لە قوتابیان وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی قوتابخانەی کچانەی \"پەروین ئێعتسامی\" گوندی دزڵی سەربە شاری سەوڵاوا، زەختیان لە قوتابیان کردووە کە بۆ دابین کردنی سووتەمەنیی بە مەبەستی گەرم کردنی پۆلەکان دەبێ بڕە پارەیەک بەو قوتابخانەیە بدەن.

لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی قوتابخانەی سەرەتایی \"زەینەبی کوبڕا\" دابین کردنی مووچەی \"فەڕاش\"ی ئەو قوتابخانەیان خستۆتە ئەستۆی قوتابییەکان و دەبێ مانگانە مووچەی ئەو فەڕاشە لەلایەن قوتابییەکانەوە دابین بکرێت.

\"10418.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو مەسەلەیە نیگەرانیی لای هاووڵاتیانی ئەو گوندە درووست کردووە و ئەگەری ئەوە هەیە کە چەندین بنەماڵەی کەم داهات نەتوانن منداڵەکانیان رەوانەی قوتابخانە بکەن و بەناچاری دەستیان پێ لە خوێندن هەڵبگرن.

پێشتریش لێپرسراوانی قوتابخانەی\"خەیام\" لە شارەدێی \"دزێ\"ی سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ‌، بە فەرمانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بۆ گەرم کردنی پۆلەكان پارەیان لە منداڵان وەرگرتبوو.

ماوەیەکە بە هۆی گەمارۆ نێو دەوڵەتییەکان و هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران، بەرپرسانی قوتابخانەکانی کوردستان لەسەر بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، زەختیان لە قوتابیان کردووە کە بۆ دابین کردنی سووتەمەنی، کەلوپەلی ناو قوتابخانە و تەنانەت بۆ کڕینی خواردنی قوتابیان بڕێکی بەرچاو پارە لە قوتابیان وەردەگرن و هەتا ئێستا لە چەندین شوێن بە ناچاری قوتابیان دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە و یان بە هۆی نەدانی ئەو پارەیە لە قوتابخانە دەرکراون.

توێژەران و چالاکانی فەرهەنگی لەو باوەڕەدان کە كەمتەرخەمی و كەمكارییەکانی حكوومەت لە بواری خوێندن و قوتابخانەكاندا هۆکاری زۆر بوونی رێژەی نەخوێندەواری لە ناوچە کوردنشینەکانە.